ڕۆژی ڕابردوو سەلمان ئەفرا، زیندانیی سیاسیی پێشووی کورد، لە ماڵەکەی خۆی لە گەندی «نێ»ی مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٤ی ڕێبەندان (٢٤ی ژانڤییە) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سەلمان ئەفرا لە گوندی نێ و ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

سەلمان ئەفرا پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٧دا (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠١٨) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای ٣ مانگ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

دواتر لە خاکەلێوەی ١٣٩٨دا (ئاوریلی ٢٠١٩) لە لایەن دادگای شۆڕسی ئیسلامیی مەریوانەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە، سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە دادگای پیاجوونەوەی پارێزگای کوردستاندا گۆڕدرا بۆ ساڵێک بەندکران.

سەلمان ئەفرا لە بەرفرانباری ١٣٩٨دا (دیسامبەری ٢٠١٩) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرا و دوای چەند مانگێک بەندکران بە شێوەی مەرجدار لە زیندان ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە جارێکی تریش لە خاکەلێوەی ١٤٠٠دا (ئاوریلی ٢٠٢١) دەستبەسەر کرا و دوای چەند حەفتەیەک بە بارمتە ئازادیان کرد.