ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی گوڵان (٨ی ئاوریل) دوو چالاکی مەدەنی بە ناوەکانی ئەیوب ڕەسوولزادە و حاجی بەرزە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ گوڵان (٨ی ئاوریل) ئەیوب ڕەسوولزادە، چالاکی ژینگەپارێز و حاجی بەرزە، چالاکی مەدەنی و برای زیندانیی سیاسیی کورد باپیر بەرزە، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کراون.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

دەوترێت ئەم دوو چالاکە مەدەنییە لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە و بە هۆی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵەوە لە ناوچەی پیرانشاردا دەستبەسەر کراون.

لە چەند حەفتەی ڕابردوودا هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، دەیان هاووڵاتی، چالاک و هونەرمەندی کوردیان لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا بە تۆمەتی بەڕێوەبردن یان بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا بانگهێشت یان دەستبەسەر کردووە.