ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گوڵان (٩ی ئاوریل) ئیدریس حاجیڕەسوولپوور، برای محەممەد حاجیڕەسوولپوور لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان ئازادی لە بۆکان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. هاوکات چوار هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «حاجیئاوا»ی سایینقەڵا بە ناوەکانی ڕەحمان خەسرەوی، عوسمان عەباسی، شەهرام سوڵتانی و هێمن عەلیزادە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گوڵان (٩ی ئاوریل) هێزە ئەمنییەکان لە بۆکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی دادخوازی ئیدریس حاجیڕەسوولپوور و ئەم هاووڵاتییە کوردە دادخوازەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.
هاوکات هێزە ئەمنییەکان لە گوندی «حاجیئاوا»ی سایینقەڵا هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکانی چوار هاووڵاتیی خەڵکی ئەم گوندە بە ناوەکانی ڕەحمان خەسرەوی، عوسمان عەباسی، شەهرام سوڵتانی و هێمن عەلیزادە و بە پەلامار و لێدان هەرچواریان دەستبەسەر کردوون.
تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
دەوترێت ئەم کەسانە بە هۆی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵەوە لە ناوچەکانی خۆیاندا دەستبەسەر کراون.
لە چەند حەفتەی ڕابردوودا هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، دەیان هاووڵاتی، چالاک و هونەرمەندی کوردیان لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا بە تۆمەتی بەڕێوەبردن یان بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا بانگهێشت یان دەستبەسەر کردووە.