دوای تێپەڕینی ٤ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی بەردین (حەمزە) جەعفەری، هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری گیەڵانی کرماشان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزە چەکدارەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕۆژی هەینی ١٤ی گوڵان (٣ی مەی) هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بەردین جەعفەری لە شاری گیەڵانی کرماشان و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەم هونەرمەندە کوردەیان دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری کرماشان.

دەوترێت بەردین جەعفەری لەبەر پێشکەشکردنی موزیک لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی شاری گیەڵاندا دەستبەسەر کراوە. سەرەڕای هەموو قەدەغەکاری و هەڕەشەکانی هێزە ئەمنی و دەوڵەتییەکان، ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵی گیەڵان بە بەشداریی زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس بەڕێوە چوو. لەم ڕێوڕەسمەدا بەردین جەعفەری چەند سروودێکی نیشتمانی و شۆڕشگێڕانەی کوردیی پێشکەش کردبوو.

لە چەند حەفتەی ڕابردوودا هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، دەیان هاووڵاتی، چالاک و هونەرمەندی کوردیان لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا بە تۆمەتی بەڕێوەبردن یان بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا بانگهێشت یان دەستبەسەر کردووە.