فاتمە داوەند، زیندانیی سیاسیی پێشوو و شایەتحاڵی دادگای خەڵکیی گەڵاڕێزان، ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) لە کاتێکدا کە بەتەما بوو لەگەڵ منداڵەکەیدا ئاریا یووسفی، تورکیا بەجێ بهێڵێت، لە لایەن پۆلیسی ئەم وڵاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، پێشتر ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووە لە لایەن دادگایەکی تورکیاوە سزای ٢ ساڵ و مانگێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و بۆ جێبەجێکردنی سزاکە بانگهێشتی دادگا کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە بە هۆی هەمان ئەو سزایە و هەروەها بانگهێشتکرانەوە بۆ دادگای تورکیا، ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) ویستوویەتی بە شێوەی نایاسایی لەگەڵ منداڵەکەیدا، ئاریا یووسفی، تورکیا بەجێ بهێڵێت، بەڵام لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دەوترێت پێدەچێ ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە گوازرابێتەوە بۆ زیندان، هاوکاتیش مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران لە ئارادایە.

فاتمە داوەند هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان، لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨دا (نۆڤامبەری ٢٠١٩)  لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی ١٣ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

چەند ڕۆژ دوای دەستبەسەرکردنی، ڤیدیۆی دانپیانانی زۆرەملێی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو کرایەوە. پاشان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە و لە ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٩دا (٢٥ی مارسی ٢٠٢٠) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.

فاتمە داوەند لە گوڵانی ١٣٩٩دا (ئاوریلی ٢٠٢٠) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. دوای قبووڵکردنی ئەم حوکمەکەی دادگا و بەپێی یاسا، سزاکە کەم کرایەوە بۆ ٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکران. فاتمە داوەند لە دۆسیەیەکی تر و لە ڕێبەندانی ١٣٩٩دا (فێبرییەی ٢٠٢١) لە لایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی لە ڕێگای بەشداریکردنەوە لە ئاژاوەگێڕییەکاندا» و «لابردنی سەرپۆش و حیجاب»، دادگایی کرا. لەم دادگایەدا کە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مێهدی تەقیزادە بەڕێوە چوو، تۆمەتی لابردنی سەرپۆش و حیجابی لەسەر لاچوو، بەڵام بۆ تۆمەتەکەی‌تر سزای ٥ مانگ بەندکران و ٣٠ قامچیی بەسەردا سەپا.

فاتمە داوەند لە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩دا (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٠) بۆ جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا و لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا (نۆڤامبری ٢٠٢١) دوای قبووڵکردنی داواکارییەکەی بۆ ئازادبوونی مەرجدار، لە زیندان ئازاد کرا و دوای مانگێک ئێرانی بەرەو تورکیا بەجێ هێشت. ئەم هاووڵاتییە یەک لە شایەتحاڵانی دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی گەڵاڕێزان بوو کە بە دەسپێشخەریی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا (نۆڤامبەری ٢٠٢١) لە لەندەن بەڕێوە چوو.