پەیمان خوونبارە، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا پاش ماوەیەک ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا بە وەرگرتنی ئەماننامە گەڕابوویەوە بۆ شارەکەی خۆی، دوای بانگهێشتکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەروەها ئومید چراغی، هاووڵاتیی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو و ئەندامی پێشووی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورد کە لە ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (مارسی ٢٠٢٤) وازی لە حیزبەکەی هێنابوو و بە وەرگرتنی ئەماننامە لە کونسووڵخانەی ئێران لە سلێمانی گەڕابوویەوە بۆ شارەکەی خۆی، ماوەیەک دوای گەڕانەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، پەیمان خوونبارە، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران کە چەند حەفتەیەک لەمەوپێش دوای ماوەیەکی کورت ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا بە وەرگرتنی ئەماننامە گەڕابوویەوە بۆ زێدەکەی خۆی، دوای گەڕانەوە چەندین جار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانەوە بانگهێشت کرابوو و خرابووە بەر لێپرسینەوە.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٠ی گەلاوێزی ١٤٠٣ (٣١ی جولایی ٢٠٢٤) جارێکی تر جار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانەوە بانگهێشت دەکرێت و دوای ئەوە کە سەردانی بنکەی هەواڵگریی ئەم دەزگا ئەمنییە دەکات، دەستبەسەر دەکرێت و دەگوێزرێتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەروەها ئومید چراغی، هاووڵاتیی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو کە ڕەشەمەی ١٤٠٢ (مارسی ٢٠٢٤) پاش چەند ساڵ ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا وازی لە حیزبەکەی هێنابوو و بە وەرگرتنی ئەماننامە لە کونسووڵخانەی ئێران لە سلێمانی گەڕابوویەوە بۆ زێدەکەی خۆی، ماوەیەک دوای گەڕانەوە لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.

لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا (مارسی ٢٠٢٤) داواکاری گشتیی سەرپێڵی زەهاو لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانی ئێراندا ڕایگەیاندبوو کە یەکێک لە ئەندامانی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە.

دەوترێت دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سەرپێڵی زەهاو بەبێ ئاماژەدان بە هەماهەنگیی ئومید چراغی لەگەڵ کونسووڵخانەی ئێراندا لە شاری سلێمانی و وەرگرتنی ئەماننامە، بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەم هاووڵاتییەیان لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی حیزبیدا دەستبەسەر کردووە. ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای ماوەیەک مانەوە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیدا گوازرایەوە بۆ زیندانی دیزڵئاوای کرماشان.

«ئەماننامه» بە کەسانێک دەدرێت کە ئەندامی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون و دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ ئێران. بەپێی ئەم بەڵگەنامەیە، ئەگەر ئەو کەسانە پەشیمانی دەر ببڕن دەتوانن بە ڕەزامەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بگەڕێنەوە بۆ ناو ئەو وڵاتە و درێژە بە ژیانی تایبەتی خۆیان بدەن. ئەگەرچی لە «ئەماننامه»دا حکومەت بەڵێن دەدات کە ئازاردان و لێپیچینەوەی یاسایی و سزادان ڕووبەڕووی وەرگرانی ئەماننامە نەکرێتەوە، بەڵام زۆرجار کەسەکان دوای وەرگرتنی «ئەماننامه» و گەڕانەوە بۆ ئێران لە لایەن دامودەزگا سەربازی، ئەمنی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە، گوشار، ئازار، دەستبەسەرکردن و سزادان بوونەتەوە یان تەنانەت لە سێدارە دراون.

فیرووز مووسالوو، لە ئەندامانی پێشووی پارتی کرێکارانی کوردستان کە دوای هەماهەنگیکردن لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەکاندا گەڕابوویەوە بۆ ئێران، لەو کەسانەیە کە دوای گەڕانەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە جۆزەردانی ١٤٠١دا (ژوەنی ٢٠٢٢) لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە درا.