لە چەند حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٨ هاووڵاتی و چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی گیەڵانی کرماشان بە ناوەکانی موحسین ئیسفەندیاری‌تەبار، ئارش ئولفەتی، ماریا خانی، جەهانگیر ئازادی، لوتفوڵڵا پەرویز، حەمیدڕەزا ڕەحیمیان، سەلمان پەرهان و موستەفا ڕوستەمی لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە لە شارەکانی تاران، هەمەدان و گیەڵان دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە شاری کرماشان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە لە گیەڵان بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لەم مانگانەی ڕابردوودا و دوابەدوای بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی گەورەی نەورۆزی ئەمساڵ لە گیەڵاندا، گوشارەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ سەر چالاکانی ئەم شارە پەرەی سەندووە و هەر لە درێژەی ئەم گوشارانە و لە چەند حەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە هاووڵاتیان و چالاکانی مەدەنیی خەڵکی گیەڵان لە دووتوێی سیناریۆسازییەکی ئەمنیدا دەستبەسەر کراون».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، موحسین ئیسفەندیاری‌تەبار، لە فەرمانبەرانی ئەرتەش کە خەڵکی گیەڵان و دانیشتووی تارانە، ڕۆژی ٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٢٩ی جولای) لە ماڵەکەی خۆی لە تاران دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای کرماشان. هەروەها ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژیش (١٣ی ئاگۆست) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە شێوەی هاوکات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانی ماریا خانی، جەهانگیر ئازادی، لوتفوڵڵا پەرویز، حەمیدڕەزا ڕەحیمیان، سەلمان پەرهان و موستەفا ڕوستەمی لە شاری گیەڵان و بەبێ مۆڵەتی یاسایی هەموویان دەستبەسەر کردوون. ئارش ئولفەتی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی گیەڵان و دانیشتووی هەمەدانیش لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژدا (١٥ی ئاگۆست) لە هەمەدان دەستبەسەر کراوە.

هەموو ئەم کەسانە گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سەربازگەی نەبیی ئەکرەم لە مەیدانی نەفتی کرماشان و تا ئێستا لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراون.

دوای دەستبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنیی گیەڵان، حەمیدڕەزا ئەکرەمی، داواکاری گشتی و شۆڕشی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژدا (١٥ی ئاگۆست) بە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانی وت: «لە ماوەیەک لەمەوپێشەوە ٢ لاپەڕە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینستاگرام و تێلێگرامدا لە یەکێک لە شارەکانی ڕۆژئاوای پارێزگادا بە مەبەستی دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان خەڵکدا دەستیان بە کار کردبوو. هەر ئەمەیش وای کرد هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکان بە دەستووری دادوەر لێکۆڵینەوەکانیان بۆ ناسینەوەی بەڕێوەبەرانی ئەو لاپەڕانە دەست پێ بکەن».

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کرماشان لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا دەستبەسەرکردنی چالاکانی خەڵکی گیەڵانیان شەرمەزار کرد و داوایان کرد دەسبەجێ ئازاد بکرێن. لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیەدا نووسراوە: «لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی گیەڵان دەستبەسەر کراون؛ کەسانێک کە لە داخوازیکاران و ئەندامانی بەرپرسیار و پێشڕەوی کەمپەینی «ڕزگارکردنی زاگرۆس» بوون. سەرەڕای تێپەڕینی چەندین ڕۆژ بەسەر ئەم دەستبەسەرکردنانەدا، بنەماڵە و نزیکانی ئەم ئازیزانە تا ئێستایش هیچ هەواڵێکیان لە بارودۆخی جەستەیی و چارەنووسیان پێ نەگەیشتووە و بەدواداچوونە بەردەوامەکانیان لای ناوەندە ئەمنییەکان تا ئێستا بێئەنجام ماوەتەوە. ئێمە وەک کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کرماشان، بە بڵاوکردنەوەی ئەم بەیاننامەیە ڕادەگەیەنین کە بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی دوورودرێژی دۆسیەسازی و سیناریۆسازییە درۆیینە ئەمنییەکان دژ بە چالاکانی مەدەنی و سیاسی، بە توندی لە بەرانبەر هەرچەشنە دۆسیەسازییەک و دروستکردنی دووبەرەکی لە ناوچەکەدا هۆشداری دەدەین».