ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی خەرمانان (٦ی سێپتامبەر) حامید فەرەجپوور، کۆڵبەری ٣٨ ساڵانی خەڵکی سەقز کە ڕۆژی ڕابردوو بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانەی پارێزگای کوردستان بریندار ببوو، بە هۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی حامید فرەرجپوور بریندار ببوو.

ئەم کۆڵبەرە کە بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانە کرابوو، ئەمڕۆ چوارشەممە بە هۆی سەختیی برینەکانیەوە لەو نەخۆشخانەیەدا گیانی لە دەست دا.

حامید فەرەجپوور ٣٨ ساڵان، باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی گوندی «دەرەزیارەتی خواروو»ی شاری سەقز بوو.