شەوی پێنجشەممە ٢٥ی گەڵاڕێزان (١٦ی نۆڤامبەر) سوهراب ڕەحمەتی، چالاکی سیاسی و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر کەوتە بەر پەلاماری چەکدارییەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم ئەندامەی سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەرکی پارێزەریی ژمارەیەک دۆسیەی پێوەندیدار بە تیرۆری چالاکانی سیاسیی کوردەوە لە هەرێمی کوردستانی گرتبووە ئەستۆ و چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەی لێ کرابوو.

ئەم پارێزەرە کوردە شەوی ٢٥ی گەڵاڕێزان (١٦ی نۆڤامبەر) لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی هانا سیتی لە شاری هەولێر کەوتووەتە بەر پەلاماری چەکدارییەوە و بریندار بووە. هێرشبەران بە دەمانچەی تەیارکراو بە دەنگبڕ تەقەیان لێ کردووە و ئێستە بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی هەولێر کراوە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٣ ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی سیامەند شابۆیی، عادڵ موهاجیر و لوقمان ئاجی لە لایەن دەستوپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کراون.