مستەفا حەمدی، بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامیی «پۆرسمان»، بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» و «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران» لە ڕێی بڵاوکردنەوەی بابەت و وێنەوە لە فەزای ئینتەرنێتدا بە گشتی حوکمی دوو ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.
بەپێی حوکمەکەی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقز، ٨ ساڵ لەم حوکمە لەبەر تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» و ١٦ مانگیشی لەبەر تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران» دەر چووە.
هاوکات لەگەڵ دەرچوونی ئەم حوکمەدا، کەیوان ڕەحیمزادە و خالید نارین، دوو چالاکی تری بواری ڕاگەیاندنی سەقز و لە هاوکارانی ئاغای حەمدیش بانگهێشتی بەردەم دەزگا ئەمنییەکانی ئەم شارە کراون و لێپرسینەوەیان لێ کردوون.
پێش لەمەش و لە بەرواری ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٩دا مستەفا حەمدی و ٤ چالاکی ڕاگەیاندنکاری دیکە بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ» لەسەر سکاڵای شارەوانی پێشووی سەقز بانگهێشتی بەردەم دادگا کرابوون و تۆمەتەکەیان پێ ڕاگەیەنرابوو. ئەم تۆمەتە دوابەدوای بڵاوکردنەوەی هەندێ هەواڵ لەسەر گەندەڵییە ماڵییەکانی شۆرای شار و شارەوانی پێشووی ئەم شارە ڕووبەڕوویان کرابوویەوە.