هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای مەهاباد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگای بانگهێشتکردنی ئەندامانی بنەماڵەی «یووسف ڕەببانی»یەوە، بە کۆدی ڕێکخراوەیی ڕێزان جاوید و لە ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، بەردەوامبوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ناوبراویان لە ماڵەکەیان لە شاری مەهاباد قەدەغە کردووە. لێپرسەوە ئەمنییەکان هەروەها دایک و براکانی ڕێزان جاویدیان خستۆتە ژێر گوشارەوە تاکوو لە وتووێژێکی تەلەفیزیۆنیدا بەشداری بکەن و بەرپرسایەتیی کوژرانی منداڵەکەیان بخەنە ئەستۆی پژاکەوە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دامودەزگا ئەمنییەکانی شاری مەهاباد فاتمە سوهرابیی دایکی یووسف ڕەببانی و براکانی ناوبراویان بانگهێشت کردووە و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کردوون. لێپرسەوە ئەمنییەکان لە ڕێگای هەڕەشە و گوشارەوە داوایان لە ئەندامانی بنەماڵەکە کردووە لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسایەتیی کوشتنی منداڵەکەیان بخەنە ئەستۆی پەژاکەوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سەرەڕای هەموو گوشار و هەڕەشەکان، بنەماڵەی یووسف ڕەببانی ئامادە نەبوون لەم وتووێژە تەلەفیزیۆنییەدا بەشداری بکەن. هەروەها لەبەر ڕێگریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکان لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی یادکردنەوە، ئەم بنەماڵەیە لە ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی گەلاوێژەوە (١٥ی ئاگۆست) ناچار بوون بە شێوەی کاتی ماڵەکەیان بەجێ بهێڵن.

ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا زیادی کرد: «هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای مەهاباد چەندین هاووڵاتیی مەهابادییان بە بیانووی بەشداریکردنەوە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی یووسف ڕەببانیدا بانگهێشت کردووە و خستوونیانەتە ژێر لێپرسینەوە».

یووسف ڕەببانی بە کۆدی ڕێکخراوەیی ڕێزان جاوید، خەڵکی مەهاباد و سەرۆکی پێشووی کۆمەڵگای ئازاد و دیمۆکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) و لە ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠١ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لە پیلانێکی هاوبەشی دامودەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران و تورکیا، لە شاری قامیشلۆی کوردستانی سووریا (ڕۆژئاوا) بوو بە ئامانجی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەرتەشی تورکیا و گیانی لەدەست دا.