ئەمیر کەهریزی، پەناخوازی سیاسیی خەڵکی کرماشان کە لە ڕەکەوتی ٣ی خەرمانانەوە لە کەمپی شاری ئەدێرنەی تورکیاوە گوازراوەتەوە بۆ کەمپێک لە شاری ئاگری لە سنووری ئێران و تورکیادا، وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست مەترسیی دیپۆرتکردنەوەیدا بۆ ئێران، لە ڕۆژی ١٨ی خەرمانانەوە (٩ی سێپتامبەر) مانی لە خواردن گرتووە.

شەهلا چورکە، هاوژینی ئەم پەناخوازە سیاسییە، لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند کە هاوژینەکەی ڕۆژی ڕابردوو لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا پێی ڕاگەیاندووە کە لە کەمپەکەی شاری ئاگریدا مانی لە خواردن گرتووە.

بە وتەی شەهلا چورکە، ئەم پەناخوازە سیاسییە لە پێوەندییە کورتە تەلەفۆنییەکەدا باسی لە مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی ئیجباریی خۆی بۆ ئێرانی کردووە و ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژی ١٨ی خەرمانانەوە (٩ی سێپتامبەر) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست نادیاربوونی چارەنووسیدا و مەترسی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران، مانی لە خواردن گرتووە: «هیچ هیوایەکم بە ئازادبوون لەم کەمپە نییە و لە لایەکی ترەوە ئەگەر بۆ ئێران دیپۆرت بکرێمەوە مەترسیی کوشتنم لە ئارادایە، هەر بۆیە بڕیارم داوە هەر لێرە بمرم…».

ڕۆژی هەینی ٣ی خەرمانان (٢٥ی ئاگۆست) بە دەستووری بەرپرسانی کامپی ئەدێرنەی تورکیا لانیکەم ٢٠ پەناخوازی سیاسیی ئێرانی و ئەفغانستانی بە مەبەستی گەڕاندنەوەی زۆرەملێ بۆ ئێران (دیپۆرتکردنەوە) گوازرانەوە بۆ کەمپێک لە شاری ئاگریدا.

دەوترێت حەفتەی پێشوو زۆربەی ئەم پەناخوازانە ڕادەستی دەوڵەتی ئێران کراونەتەوە و لەسەر چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

ئەمیر کەهریزی، چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی کرماشان و ئەندامی بەشی چاپەمەنیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە هەرێمی کوردستان ژیاوە، لە ڕێکەوتی ١٧ی گوڵاندا (٧ی مەی) لە ڕێگای کۆچکردندا بەرەو ئەورووپا لە لایەن پۆلیسی یۆنانەوە دەستبەسەر و ڕادەستی تورکیا کرایەوە. ئەم چالاکە سیاسییە بە درێژایی ئەم ماوەیە لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە پەناخوازانی سیاسیی ئێرانیدا لە کامپی سنوورداشکردنەوی پەناخوازان لە شاری ئەدێرنەی تورکیا لە دۆخێکی نادیاردا ژیاوە.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژدا، شەهریار بەراتی نیا، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی یاسووج، دوای دەستبەسەرکران لە ئەستەنبولی تورکیا ڕادەستی ئێران کرایەوە. ئەم چالاکە سیاسییە لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە گواستوویانەتەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران.