بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٣ (٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) هێزە ئەمنییەکان هەڵیاکوتایە سەر ماڵی سیاوەش سوڵتانی و ڕامیار ئەبووبەکری، لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان لە شاری مەهاباد و هەردووکی ئەم هاووڵاتیانەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، کاتژمێر ٣ی بەربەیانی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر بنەماڵەی زانیار ئەبووبەکری لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد و ڕامیار ئەبووبەکری، برای ١٦ ساڵانەکەی زانیاریان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

لە ڕووداوی دەستبەسەرکردنی ئەم منداڵەدا باوک و دایکیشی کەوتوونەتە بەر پەلامار و لێدانی هێزە ئەمنییەکانەوە.

هاوکات هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی سیاوەش سوڵتانی، کوڕی کوبرا شێخەسەقا لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد و دوای پەلامار و لێدان، ئەم هاووڵاتییە دادخوازەیان دەستبەسەر کردووە.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردست نەکەوتووە.

کوبرا شێخەسەقای ٥٢ ساڵان و زانیار ئەبووبەکریی ٢١ ساڵان ڕۆژی ٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانی دوای ئەسپەردەکردنی سمکۆ مەولوودیدا کە یەکێکی تر لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد بوو، بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی ئێران گیانیان بەخت کرد.