لە ماوه‌ی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، لانیکەم ۳۲ هاوڵاتی و چالاکوانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات و رێکخراوەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شارە جیاجیاکانی کوردستان دەستبەسەر کراون.

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاو بۆتەوە، ته‌نیا له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگی ڕابردوو لە شارەکانی کامیاران، سنە، مەریوان، سەقز، تیکاب، سائین قەڵا، شنۆ، مهاباد و ماکۆ لانیكه‌م ٣٢ چالاکوانانی کورد دەستبەسەر کراون و پاشان بۆ گرتووخانە ئەمنییەکانی شارەکانی سەقز، سنە و ورمێ گواستراونەتەوە و خراونەتە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجە و ئازار.

چه‌ند كه‌س لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو گیراوانە بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانیان وت کە تاکوو ئێستا بە دواداچوونی ئەوان بۆ وەرگرتنی زانیاری لە سەر چۆنیەتی بارودۆخی ئەو کەسانە بۆ چوونی دادگا و دامەزراوە ئەمنییەکان بێ ئاکام ماوەتەوە و هیچ جۆرە پەیوندیێکی تەلەفوونی یان چاوپێکەوتنیان دەگەڵ دەستبەسەر کراواندا نەبووە.

هاوڵاتیێکی کورد کە لەم دواییانەدا لە شاری ورمێ دەستبەسەر کرابوو، دوای ئازادبوونی بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی وت “دوابەدوای تێکهەڵچوونی سپای پاسداڕان دەگەڵ ئەندامانی یەکێ لە پاڕتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کورد لە ناوچەی چاڵدران، تاقمێکی زۆر لە هاوڵاتییانی ئەو ناوچەیە بە کۆمەڵ لە لایەن هێزەکانی رێکخراوەی ئیتلاعاتی سپای پاسداڕان دەستبەسەر و هەر ئێستا لە گرتووخانەی “ئەلمێهدی سپای پاسدارا” لە شاری ورمێ کەوتوونەتە ژێر لێپرسین و لێکۆڵینەوە.

ئەو هەروەها باس لە دەستبەسەری سێ ژنی گەنج دەکات کە پێشتر ئەندامی پاڕتێکی ئۆپۆزیسۆنی کورد بوونە و دەڵێ “هەر سێکییان دوای ئەوەی بنەماڵەیان بە ڕێکخراوە ئەمنییەکان خەبەریان دابوو و ڕێگەشییان پێ درابوو بگەڕێنەوە، لە یەک مانگی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ئەوان لەو ماوەیەدا شەوانە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕادەگیران و دواتر دەگواسترێنەوە بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە چەند ڕاپۆرتێکدا ناسنامەی لانیکەم ۳۲ کەس لەو گیراوە دەستبەسەر کراوانەی مانگی پووشپەڕی بڵاو کردبووەوە.