سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی “هۆمایون عەباسی“، ڕۆژنامەنووسی کورد لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “بەڕێز عەباسی لە ماوەی ١٩ ڕۆژ دەستبەسەرکرانیدا تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە کە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشاندا دەستبەسەرە”.

هۆمایون عەباسی. سەرنووسەری گۆڤاری “ژیلوان” لە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەز / ٢٠١٨.١٢.١٧ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشانەوە لە تاران دەستبەسەرکرابوو. گۆڤاری ژیلوان لە ٥ ساڵ پێش ئێستاوە بە زمانی کوردی و فارسی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تارانی پایتەختی ئێران بڵاودەکرێتەوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، دۆسییەی هۆمایون عەباسی نێردراوە بۆ دادگای شۆڕشی ئیسلامی شاری شاباد، بەڵام سەرەڕای سەردانەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئەو دادگایە تاوەکو ئێستا هیچ زانیاریەک سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردنی لەبەردەستدا نییە.

هەروەها، بەرپرسانی دۆسییەی ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە لە دادگای شۆڕشی شاباد، بە بنەماڵەکەیان گوتووە کە بەڕێز عەباسی تەنها لە ئەگەری دانپێدانان بەو تۆماتانە ئازاد دەکرێت کە لە ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشان پێی هەڵبەستراوە.