ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی جۆزەردان، چالاکی ژینگەپارێز فەرانەک جەمشیدی بۆ جێبەجێکردنی حوکمی یەک ساڵ زیندان ڕەوانەی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (بەندیخانەی ژنان) کرا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم چالاکە مەدەنییە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی جۆزەردان دوای ئەوەی بانگهێشتیی بەردەم لقی ٤ی ئیجرای ئەحکامی دادگای سنە کرا، دەستبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکردنی حوکمی یەک ساڵ زیندان ڕەوانەی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (بەندیخانەی ژنان) کرا.

فەرانەک جەمشیدی، ئەندامی کۆمەڵەی کوردستانی سەوز، ڕۆژی ٨ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیان لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای ٤ مانگ و نیو لە ڕێکەوتی ٢٠ی گەڵاڕێزاندا بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ئەم چالاکە ژینگەپارێزە لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «سەعیدی» بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردیدا» حوکمی ٤ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای تانەلێدا، لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەدا بۆ یەک ساڵ زیندان گۆرا.

فەرانەک جەمشیدی پێشتر لە پاییزی١٣٩٧ و هاوکات لەگەڵ ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاو و دەستەجەمعیی چالاکانی ژینگەپارێز و ئەندامانی لقی کوردستانی پارتی یەکێتیی نەتەوەییدا، چەندین جار لە لایەن ڕێکخراوە ئەمنییەکانەوە بانگ کرا و لەسەر چالاکییەکانی خۆی و هاوسەرەکەی، ئارمین ئێسپێرلووس کە ئەویش ئەوکات دەستبەسەر بوو، لێپرسینەوەی لێ کرابوو.