هەردوو چالاکی مەدەنیی کورد ئارام فەتحی و سورەییا حەقدووست کە لە ڕۆژی ٢٧ی جۆزەردانەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان و بەندی ژنانی کانوونی ئەسڵاح وتەربیەتی سنەدان. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی ئەم دوو چالاکە مەدەنییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەی گوایە ئارام فەتحی گواستراوەتەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی مەریوان، ناوبراو ئەمڕۆ توانیویەتی پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ دایکیدا بگرێت و وێڕای بەدرۆخستنەوەی ئەو هەواڵە وتوویەتی کە هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدایە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سەرەڕای ئەوەی ئارام فەتحی نەخۆشیی ڕۆماتیسمی لەگەڵە و پێویستە حەفتانە لە ژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدا چارەسەر وەربگرێت، تا ئێستا لە دەستبەسەرگەدا دەواودەرمانەکەی پێ نەدراوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردان داواکاری گشتیی مەریوان ڕایگەیاندبوو کە گواستراوەتەوە بۆ قەرەنتینەی زیندان و داوای لە بنەماڵەکەی کردبوو دەواکانی ڕادەستی بەرپرسانی زیندان بکەن.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها سەبارەت بە بارودۆخی سورەییا حەقدووست، ئەندامی «ماڵی ئینسان»ی مەریوان، وتی: «ئەم چالاکە مەدەنییە ڕۆژی هەینی ٢٨ی جۆزەردان بە بڕیاری دەستبەسەرکردنی کاتییەوە گواستراوەتەوە بۆ کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە».

هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردان سورەییا حەقدووستیان لە شەقامێکی شاری مەریوان دەستبەسەر کرد و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەیان کرد. هاوکات ئارام فەتحی، شاعیر و چالاکی مەدەنییش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا.