عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ کە حوکمی ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ زیندانەکەی بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە حیزبی کۆمەڵەی کوردستاندا لە دیوانی باڵای ئێران ڕەت کرابوویەوە، پێش لێکۆڵینەوەی دووبارەی دۆسیەکەی لە دادگادا، دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراوەتەوە.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وتۆته‌ده‌ست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ئەم هاووڵاتییە کوردە حەفتەی ڕابردوو دوای بانگهێشتکران بۆ دادگا دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوەتەوە. ناوبراو لە ڕێبەندانی ١٣٩٩دا لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە حیزبی کۆمەڵەی کوردستاندا حوکمی ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ زیندانی بۆ بڕایەوە. ئەم حوکمە ماوەیەک لەمەوپێش لە لایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە پووچەڵ کرایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەم لقی هاوشێوەی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ.

دەستبەسەرکردنی عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی و گواستنەوەی بۆ زیندان بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکە لە حاڵێکدایە کە دوای پووچەڵکردنەوەی ئەو حوکمە لە دیوانی باڵای ئێراندا، هێشتا دۆسیەکە نەکەوتۆتە بەر لێکۆڵینەوەی دووبارە و هیچ حوکمێکی نوێ دەر نەکراوە.

عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی کامران قاسمی، کەیوان ڕەشۆزادە، ئومید سەعیدی و نایب حاجیپوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و دواتر گواسترانەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ. دوای ٢ مانگ لێپرسینەوە ئەم ٥ هاووڵاتییە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران و لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو و لە دووتوێی دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە کۆمەڵەدا» هەرکامەو حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیان بەسەردا سەپا.

عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی لە ڕێکەوتی ٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٩دا دوای دەرچوونی حوکمەکە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی ئازاد کرابوو.