ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی سەرماوەز، ئامانج قوربانی، چالاکی ژینگەپارێزی کورد، دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامێران دەستبەسەر کرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی سەرماوەز ئامانج قوربانی دوای ئەوەی بە تەلەفۆن بانگهێشت کراوە بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامێران، لە لایەن ئەم دەزگا ئەمنییەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دەوترێت ئیدارەی ئیتلاعات ڕایگەیاندووە ئەم چالاکە ژینگەپارێزە لەبەر بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی زیندانیی سیاسیی ئێعدامکراوی کورد حەیدەر قوربانی لە شاری کامێران، دەستبەسەر کراوە.

زیندانیی سیاسیی کورد حەیدەر قوربانی لە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزدا بە نهێنی لە زیندانی ناوەندیی سنە لە سێدارە درا. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و سەرەڕای هەڕەشەکردنی ئیدارەی ئیتلاعات لە بنەماڵەکەی و ئامادەبوونی بەربڵاوی هێزە ئەمنییەکان، ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی بە بەشداریی سەدان هاووڵاتی لە ماڵی ناوبراودا بەڕێوە دەچێت.

ئامانج قوربانی، چالاکی ژینگەپارێز و فەرمانبەری ئیدارەی ژینگەی کامێران، پێشتر لە بەفرانباری ١٣٩٧، لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی چالاکانی ژینگەپارێز و ئەندامانی لقی کوردستانی پارتی یەکێتیی نەتەوەییدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای چەند حەفتە لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ئەم چالاکە ژینگەپارێزە لە پووشپەڕی ١٣٩٩دا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» حوکمی ٣ مانگ و ڕۆژێک زیندانی بەسەردا سەپا.