ڕۆژی دووشەممە ٦ی بەفرانبار هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی «لۆنی سادات»ی کامێران بە ناوی کیانووش ڕەحمانی لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا. دەوترێت هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی حەیدەر قوربانی زیندانیی سیاسیی ئێعدامکراوی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ٥ی بەفرانبار هێزە ئەمنییەکان چوونەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە گوندی لۆنی ساداتی کامێران و ویستوویانە دەستبەسەری بکەن، بەڵام لە ماڵ نەبووە و هەر بۆیە نەیانتوانیوە دەستبەسەری بکەن. ئەو هێزانە هەروەها ماڵەکەیان پشکنیوە و بێڕێزییان بە ئەندامانی بنەماڵەکەیشی کردووە.

کیانووش ڕەحمانی ڕۆژی دواتر خۆی ڕادەستی دەزگای ئیتلاعاتی سپای کامێران کردووە، ئەم هاووڵاتییە کوردەی دانیشتووی تاران لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە مەبەستی دیداری بنەماڵەکەی گەڕابوویەوە بۆ ئەم گوندە.

دەوترێت دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی زیندانیی سیاسیی ئێعدامکراوی کورد حەیدەر قوربانیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەک هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیاندووە.

زیندانیی سیاسیی کورد حەیدەر قوربانی لە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزدا بە نهێنی لە زیندانی ناوەندیی سنە لە سێدارە درا. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٤ هاووڵاتی و چالاکی کوردی دیکە بە ناوەکانی مامۆستا محەممەدمیرزا ڕەحمانی، ئامانج قوربانی، سیروان قوربانی و بورهان کەمانگەر لەبەر بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی ئەم زیندانییە سیاسییە ئێعدامکراوەدا دەستبەسەر کراون.