بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی دوێنێ ٢٥ی گەلاوێژ (١٦ی ئاگۆست) ٣ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «گامێش گولی»ی میاندواو بە ناوەکانی ئەحمەد گورگین، پەیمان تەهازادە و ئیسلام فەیزی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم کەسانە و وێڕای پشکنینی ماڵەکانیان و دەستگرتن بەسەر هەندێ کەلوپەلی شەخسییاندا، توندوتیژیی زمانی و جەستەییان بەکار هێناوە و دەستبەسەریان کردوون.

هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە یەک حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٢٠ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی شنۆ، بۆکان، مەهاباد و میاندواو لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارانەوە دەستبەسەر کراون.