بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەرمانان (٤ی سێپتامبر) ژنێکی دەستبەسەرکراو بە ناوی موژگان تەنها دوای لەسەرخۆچوون ڕەوانەی نەخۆشخانەی زیندان کراوە و لەبەر کەمتەرخەمیی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی زیندانی ژنانی مەشهەد کە بە شێوەی ئیمەرجێنسیی و خێرا ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندانیان نەکردووە، گیانی لەدەست داوە.

دەوترێت ئەم هاووڵاتییە ٤٢ ساڵەیە بە تۆمەتی پێوەندیدار لەگەڵ مادە هۆشبەرەکاندا دەستبەسەر کرابوو و ڕۆژی یەکشەممە گوازرابوویەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی ژنانی مەشهەد.

بەرپرسانی نەخۆشخانەی زیندان ڕایانگەیاندووە کە «کرانەوەی بەستەی قووتدراوی مادەی هۆشبەر لە ناو کۆئەندامی هەرسدا» هۆکاری مردنی ئەم بەندکراوە بووە. تەرمی ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو ڕەوانەی پزیشکیی دادی مەشهەد کراوە.