چالاکی مەدەنی هیوا مەسعوودی دوای ٥٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ناوبراو ڕۆژی ٤ی گهڵاڕێزان (٢٦ی سێپتامبر) لە ماڵهكهی خۆی لە شاری سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
ئەم چالاکە مەدەنییە سەرجەم ئەو ٥٠ ڕۆژە دهستبهسهربوونەی لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا بردە سەر و بە درێژایی ئەو ماوەیە خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی دەروونییەوه. تۆمەتی «پیلانگێری دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» و «بانگەشەی دژی حكوومهت» ڕووبەڕووی ناوبراو کراوەتەوە.
هیوا مەسعوودی پێشتریش لەبەر چالاکییە مەدەنییەکانی دەستبەسەر کرابوو. لەوانە لە مانگی بەفرانباری ١٣٨٩ (دێسامبری ٢٠١٠) و لە هێرشی هێزە ئەمنییەکاندا بۆ سەر ماڵی زیندانیی سیاسیی کورد حەبیب لەتیفی لە سنە، لەگەڵ ١٩ کەسی تردا دەستبەسەر کرابوو.