لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٢ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی مەهاباد، سنە و ئاودانان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.
بەپێی ئەو زایارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی سوونیا شەریفی ١٧ ساڵان، ئەمیرحسەین مووسەوی ١٦ ساڵان و محەممەد قاسمی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئاودانان دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هەروەها شەوی ٢٩ی گەڵاڕێزان (٢٠ی نۆڤامبر) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی مەهاباد بەبێ بوونی مۆڵەتی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان و لانیکەم ٨ کەسیان بە ناوەکانی دیاکۆ خووزستانی، پەیمان مەنسووری، هێدی نازمی، موختار عەمارە، فایەق حسەینپوور، سینا ئەیازی، کاوە عەزیزی و جەواد ئایەتی دەستبەسەر کردووە. هێزە چەکدارەکانی سپا لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانەدا بە مەبەستی زاڵکردنی کەشێکی ترسێنەر و تۆقێنەر تەقەی هەواییان کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکیش کە لە سنەوە گەیشتووە، لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەڵاڕێزاندا (١٩ی نۆڤامبر) هێزە ئەمنییەکان فەرمانبەرێکی ئیدارەی مانگی سووری سنەیان بە ناوی هێمن حاجیمیرزایی دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.