بێهرووز چەمەنئارا، سەرۆکی پێشووی توێژینگەی کوردستانناسی و مامۆستای بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردیی زانکۆی کوردستان، لە سنە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بێهرووز چەمەنئارا شەوی ڕابردوو (هەینی) لە ڕێگای گەڕانەوەدا بۆ ماڵەوە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ڕفێنراوە و تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی لە بەردەستدا نییە.

ئەم مامۆستای زانکۆیە لەم ڕۆژانەی دواییدا بە هۆی مانگرتن و گردبوونەوەکانی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی کوردستانەوە لەژێر گوشاری قورسی هێزە ئەمنییەکاندا بووە و هەر بۆیە زانکۆکەی بەجێ نەهێشتبوو. بەڵام ڕۆژی ڕابردوو و دوابەدوای ئەوەی لەسەر بانگهێشتی پارێزگای کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر خۆپیشاندانەکانی زانکۆی کوردستان چووبوە پارێزگا، لە ڕێگای گەڕانەوەدا بۆ ماڵەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێنراوە.

بێهرووز چەمەنئارا خەڵکی ئیلامە و چەندین ساڵە بە هۆی وانەوتنەوە و بەرپرسایەتیی زانکۆییەوە دانیشتووی سنەیە.