بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕەشەمە (٤ی مارس) حەنزەلە هیدایەتی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە و خوێندکاری دوکتۆرای بەڕێوەبەری لە زانکۆی زانست و توێژینەوەی تاران، دوای ٦٩ ڕۆژ مانەوە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕەوانەی زیندانی فەشافوویە کراوە.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباردا (٢٦ی دێسامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی لە تاران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین. ئەم چالاکە مەدەنییە بۆ ماوەی ڕۆژێک لە ژوورێکی بچووکی تاریک و بێپەنجەرەدا ڕاگیرابوو و پاشان برابوویە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩.

حەنزەلە هیدایەتی دوای مانگێک دەستبەسەربوون توانیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا دیدار بکات، بەڵام تا ئێستا مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەری پێ نەدراوە. دەوترێت تۆمەتی «پیلانگێری بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆیی» ڕووبەڕووی ئەم خوێندکارە کوردە کراوەتەوە.