دوای تێپەڕینی ٢٩ مانگ لە بێسەروشوێنکردن (بزرکردن)ی زۆرەملێی ئیدریس فیقهی (فەقیهی)، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە، نیگەرانییەکان لە ئاست بارودۆخ و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییەدا پەرەی سەندووە. فاتمە مەقسوودی، دایکی ئەم زیندانییە سیاسییە، لە پەیامێکدا دەڵێت کە دامودەزگا ئەمنییەکان بە درێژایی ئەم ماوەیە لەسەر چارەنووسی منداڵەکەی هیچ وەڵامێکی ڕوونیان پێ نەداونەتەوە و چەندەها جار لە لایەن ئەو دەزگایانەوە بێڕێزی و سووکایەتیی پێ کراوە.

بنەماڵەی ئیدریس فیقهی (فەقیهی) کە لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ـەوە (٢٤ی جولای ٢٠٢١) دوای برینداربوون لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بزر و بێسەروشوێن کراوە، بە درێژایی ٨٩٢ ڕۆژی ڕابردوو چەندین جار سەردانی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سەربازگەی ئەلمێهدی، ئیدارەی ئیتلاعات و دادگای ورمێ و بۆکانیان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد و وەڵامێکی دروستیان لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان پێ نەدراوەتەوە.

فاتمە مەقسوودی، دایکی ئیدریس فیقهی، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک کە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراوە، وتی: «کوڕەکەم لە زیندان و لە ژێردەستی کۆماری ئیسلامیدایە. ئەو دەبێ مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر و منیش مافی دیدار و بینینیم هەبێت. من تەندروستیم ناتەواوە و نەخۆشیی دڵم هەیە. کاتێک سەردان (ی دامودەزگا ئەمنییەکان) دەکەم هیچ وەڵامێکم نادەنەوە، خۆیان جارێک لەچکەکەیان ماچ کردم و وتیان کوڕەکەت زیندووە. سوێندیان بە خودا و پێغەمبەر خوارد کە تەندروست و سالمە. وتیان وەکوو ئێمە خواردن دەخوات، چا دەخواتەوە، تەندروستە، دڵنیا بە. ڕۆیشتم، بەڵام پاڵیان پێوە نام و بێڕێزییان پێ کردم، جنێویان پێ دام. هیچ وەڵامێکم پێ نادەنەوە، بە قسەی خۆڕایی و بێبنەما بەڕێم دەکەن و لەسەر کارم دادەنێن، دەڵێن بڕۆ کوڕەکەت باشە، بەڵام جاری داهاتوو دەڵێن کوڕەکەت نییە. کوڕی من مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری هەیە، لە ژێردەستی کۆماری ئیسلامیدایە، خۆ من دەزانم کوڕەکەم زیندووە، تەنها نیو کاتژمێر مۆڵەتم بدەن بیبینم، ڕەنگە هەر ئێستە یان چەند ساتێکی تر بمرم، مافی خۆمە کوڕەکەم ببینم. کوڕەکەمم نیشان بدەن، با بە حەسرەت و ئاواتی کوڕەکەمەوە ئەم دونیایە بەجێ نەهێڵم».

ئەم دایکە ٦٧ ساڵەیە لە دوای بێسەروشوێنکردنی کوڕەکەیەوە دوو جار لە بەردەم بینای دەزگای ئیتلاعاتی سوپای ورمێدا مانی گرتووە و دانیشتووە، بەڵام دەستبەسەر کراوە و تەنها دوای واژۆکردنی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کراوە، لەو بەڵێننامەیەدا کە بە زۆر پێی واژۆ کراوە نووسراوە کە چیدی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی کوڕەکەی ناکات.

فاتمە مەقسوودی لە ڕێکەوتی ١٩ی گوڵانی ١٤٠١دا (١٠ی مەیی ٢٠٢٣) دوای سێ ڕۆژ مانگرتن لە بەردەم بینای دەزگای ئیتلاعاتی سوپای ورمێدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بە دەستووری بێهزاد سارخانلوو، لێپرسەوەی لقی ٦ی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ، ڕادەستی ئیدارەی بێهزیستیی ئەم شارە کرا و ڕۆژی ٢١ی گوڵان (١٢ی مەی) دوای نووسینی بەڵێننامە کە چیدی بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی منداڵەکەی لە بەردەم دامودەزگا ئەمنییەکانی ورمێدا مان ناگرێت، ئازاد کرا.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠دا (٢١ی فێبرییەی ٢٠٢٢) ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئیدریس فیقهی لە بەردەم بینای دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێ کۆ ببوونەوە و داوایان کردبوو لە بارودۆخ و چارەنووسی ئیدریس ئاگاداریان بکەنەوە، بەڵام هێزە ئەمنی و ئینتیزامییە ئامادەکان لەو شوێنەدا بەبێ سەرنجدان بە داواکاریی ئەم بنەماڵەیە، فاتمەی مەقسوودیی دایکی ئیدریس و چەند کەسی دیکە لە ئەندامانی بنەماڵەکەیان بۆ ماوەی چەند کاتژمێر دەستبەسەر کرد، فاتمە مەقسوودی ویستبووی لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە ئاست ئەم بابەتەدا ئاگر لە جەستەی خۆی بەر بدات. دواجار و پاش ئەوەی بە زۆر بەڵێنیان لێ وەرگیرا چیدی لە بەردەم بینای دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران کۆ نابنەوە، ئازاد کران.

ئێستا و دوای تێپەڕینی ٢٩ مانگ لە دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ئیدریس فیقهی (فەقیهی)، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە، نیگەرانییەکان لە ئاست بارودۆخ و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییەدا پەرەی سەندووە.

دەوترێت ئەم هاووڵاتییە کوردە لە هاوینی ساڵی ڕابردوودا و دوابەدوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای ورمێدا، گوێزراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.

لە خەرمانانی ١٤٠١دا (سێپتامبری ٢٠٢٢) فاتمەی مەقسوودیی دایکی ئیدریس لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کرا و لەسەر بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە یەکەم ساڵوەگەڕی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی کوڕەکەیدا، بۆ چەندین کاتژمێر خرابووە ژێر لێپرسینەوە و گوشارەوە.

لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەیان لێ کردبوو کە مافی بەکارهێنانی لەچکی سپی، کە لە کوردستاندا وەک هێمای «دایکانی ئاشتی» ناسراوە و هەروەها سەفەرکردن بۆ ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیی نییە.

لە ڕێکەوتی ١٨ی خەرمانانی ١٤٠١دا (١٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەرپرسانی بەشی داواکاریی گشتی و هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە سەرەتای گەلاوێژی ١٤٠٠ـەوە (کۆتایی جولایی ٢٠٢١) ئیدریس فیقهی، دژبەری سیاسیی کوردی ٣٦ ساڵەیان بە شێوەی زۆرەملێ بزر و بێسەروشوێن کردووە.

بە درێژایی ئەم ماوەیە، هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و دادگای ورمێ هەرجارە و لە وەڵامی داواکاریی بنەماڵەی ئیدریس فیقهیدا بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان، هەندێ سیناریۆی دژبەیەکیان خستووەتە بەردەست، ئەوان سەرەتا ڕایانگەیاندبوو ئیدریس لە کاتی تێکهەڵچوونە سەربازییەکەدا و بە تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراوە و «وێنەی تەرم و بەڵگەنامەی مردن»ی بۆ بنەماڵەکەی دەنێرن، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەنامەیەکیان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردووە.

لە ڕەشەمەی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢٢) دوای ئەوەی بنەماڵەی ئیدریس فیقهی لە بەردەم دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا بۆ چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر کران و برانە بنکەیەکی پۆلیس (کەلانتەری)، یەک لە ئەندامانی هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە بنکەی پۆلیس دیداری لەگەڵ کردبوون و پێی ڕاگەیاندبوون کە ئیدریس زیندووە و لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕاگیراوە و تا کاتێک لێپرسینەوەکانی کۆتایی نەیەت مافی پێوەندیگرتن و دیداریان لەگەڵ ئیدریسدا نییە.

هەروەها لە گوڵانی ١٤٠٢دا (مەیی ٢٠٢٣) بێهزاد سارخانلوو، لێپرسەوەی لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ، بە شێوەیەکی دژواز قسەی کردبوو و بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە ئیدریس فیقهی دوای تێکهەڵچوون لەگەڵ سوپای پاسداراندا توانیویەتی هەڵبێت و دواتر لە شەڕی نێوان هێزە کوردییەکان و داعشدا لە سووریا کوژراوە.

پشتڕاستکردنەوە و بەدرۆخستنەوەی دەستبەسەرکردنی ئیدریس فیقهی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە حاڵێکدایە کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٠دا (٢٦ی سێپتامبری ٢٠٢١) بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاند کە هەندێ بەڵگەی دەست کەوتووە کە دەیسەلمێنن ئیدریس فیقهی، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کە پێشتر ڕاگەیەنرابوو لە شەرێکی نێوان هێزەکانی ئەم پارتە و هێزەکانی سوپای پاسداراندا لە نزیک شاری بۆکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا (٢٤ی جولای ٢٠٢١) کوژراوە، زیندووە و لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای ورمێدایە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوای تەقە و دەسڕێژەکەی هێزەکانی سوپای پاسداران، ئیدریس فیقهی کە پێی بریندار ببوو، توانیبووی خۆی بشارێتەوە، بەڵام دوابەدوای بڵاوەپێکردنی هێزێکی گەورەی سپا بە ناوچەکەدا، ئیدریس بە برینداری کەوتە دەستی هێزەکانی سوپای پاسدارانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا و دەستبەسەر کرا. هێزەکانی سوپا سەرەتا بردبوویانە نەخۆشخانەی عارفیانی سوپا لە ورمێ و دواتر گواستبوویانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنی-سەربازییە.

لانیکەم دوو کەس لەوانەی لە ماوەی ڕابردوودا بۆ ماویەک لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێدا بوون، ئیدریسیان لە ژووری پزیشکیی ئەم دەستبەسەرگەیەدا بینیوە.

لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا (٢٤ی جولای ٢٠٢١) تیمێکی چەندکەسی لە ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە بەرزاییەکانی کوێستانی گوندی «عەلەمئاوا»ی بۆکان کەوتنە بۆسەی هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سوپای پاسدارانەوە. لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژدا هەواڵنێریی دەوڵەتیی تەسنیم لە زمانی «قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا»وە هەواڵی کوژرانی دوو ئەندامی پارتێکی کوردی و دەستبەسەرکردنی ئەندامێکی برینداری ئەم پارتەی بڵاو کردەوە.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستانیش لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢١) کوژرانی دوو ئەندامی ئەو حیزبەی بە ناوەکانی ئیدریس فیقهی خەڵکی سنە و موحسێن قادری خەڵکی بۆکان لە تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران لە نزیک بۆکان پشتڕاست کردبووەوە. بەڵام دوای ماوەیەک بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی تر ڕایگەیاند کە موحسین قادری زیندووە و ئیدریس فیقهییش دوای برینداربوون لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەستگیر کراوە.