ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندان (٧ی فێبرییە) دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «قروچیا»ی شاری دێولان بە ناوەکانی زوبەیر حسەینپەناهی و عەباس حسەینپەناهی لەوپەڕی توندوتیژیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو هاووڵاتییە کە بە مەبەستی دیدار لەگەڵ بنەماڵەی محەممەد (هەژیر) فەرامەرزیدا، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراوی کورد، سەردانی شاری دێولانیان کردبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییەدا پەنایان بردووەتە بەر توندوتیژی و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە.

پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار بەرەبەیانی ڕۆژی ٩ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانڤییە) لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دران. دوای لەسێدارەدانی ئەم چوار زیندانییە سیاسییە کوردە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی کوردستان سەردانی بنەماڵەکانیان کردووە و هاوخەمی و هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ ئەو بنەماڵانەدا ڕاگەیاندووە.