بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١ی سەرماوەز پەناخوازێکی کورد بە ناوی بەختیار مووسازادە بە هۆی سەرماوە لە سنووری نێوان بیلاڕووسیا و پۆڵندا گیانی لەدەست داوە.

بنەماڵەی ئەم پەناخوازە ٢٥ ساڵەیە کە خەڵکی سەلاسی باوەجانیی پارێزگای کرماشانن، لە ساڵی ١٣٥٨ـەوە نیشتەجێی کامپی ئاڵتاشی ڕەمادیی ئێراق بوون.

ساڵی ٢٠٠٥ و دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی ئێراق، بنەماڵەی ئەم پەناخوازە کوردە گواسترانەوە بۆ کامپی باریکەی شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان. بەختیار مووسازادە لەم مانگانەی پێشوودا لەگەڵ هەزاران هاووڵاتیی تری هەرێمی کوردستان بە مەبەستی داواکردنی مافی پەنابەری لە وڵاتێکی ئەورووپا سەفەری بۆ بیلاڕووسیا کردبوو.