سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی ٣ی خەرمانان (٢٥ی ئاگۆست) بە دەستووری بەرپرسانی کامپی ئەدێرنە، لانیکەم ٢٠ پەناخوازی سیاسیی ئێرانی و ئەفغانستانی بە مەبەستی گەڕاندنەوەی زۆرەملێ بۆ ئێران (دیپۆرتکردنەوە) گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

شەهلا چورکە، هاوسەری ئەمیر کەهریزی کە یەکێکە لەم پەناخوازانە، لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هاوسەرەکەم لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا پێی وتم کە لانیکەم ٢٠ پەناخوازی سیاسیی ئێرانی و ئەفغانستانی کە لە کامپی شاری ئەدێرنەدا بوون، بە مەبەستی گواستنەوە بۆ شوێنێکی نادیار بانگهێشت کراون. دوای ئەم پێوەندییە ئیتر ئاگامان لێیان نییە و نازانین چییان بەسەر هاتووە، تەنها هەندێ هەواڵی پشتڕاستنەکراوە هەیە کە دەڵێن گواستوونیانەتەوە بۆ کامپی شاری ئاگری لە سەر سنووری ئێراندا».

لەسەر ناسنامەی ئەو ١٩ پەناخوازە سیاسییەکەی تر هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

ئەمیر کەهریزی، چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی کرماشان و ئەندامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە هەرێمی کوردستان ژیاوە، لە ڕێکەوتی ١٧ی گوڵاندا (٧ی مەی) لە ڕێگای کۆچکردندا بەرەو ئەورووپا لە لایەن پۆلیسی یۆنانەوە دەستبەسەر و ڕادەستی تورکیا کرایەوە. ئەم چالاکە سیاسییە بە درێژایی ئەم ماوەیە لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە پەناخوازانی سیاسیی ئێرانیدا لە کامپی سنوورداشکردنەوی پەناخوازان لە شاری ئەدێرنەی تورکیا لە دۆخێکی نادیاردا ژیاوە.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژدا، شەهریار بەراتی‌نیا، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی یاسووج، دوای دەستبەسەرکران لە ئەستەنبولی تورکیا ڕادەستی ئێران کرایەوە. ئەم چالاکە سیاسییە لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە پێوەندییەکی کورت تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە گواستوویانەتەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران.