ژاکان باران (حسەین باقری) چالاکی کوردی خەڵکی ئیلام و زیندانیی سیاسیی پێشوو کە لە ساڵی ١٣٩٨ـەوە (٢٠١٩) وەک پەناخوازی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بووە، لە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٣وە (٢٣ی مارس) بزر بووە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ژاکان باران لە ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (مارسی ٢٠٢٤) بە هۆی دۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە ناچار شاری هەولێری بەجێ هێشتووە تاکوو لە سنووری تورکیاوە دەربازی وڵاتێکی پارێزراو لە ئەورووپادا بێت. ڕۆژی ٤ی خاکەلێوە لۆکەیشنی جوگرافیی خۆی لە سەرسنووردا بۆ هاوڕێکانی ناردووە و وتوویەتی تا چەند کاتژمێرێکی تر لە سنوور دەپەڕینەوە، بەڵام دوای ئەوە ئیتر پێوەندیی لەگەڵ هاوڕێکانی پچڕاوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

دوای تێپەڕینی زیاتر لە دوو حەفتە، هەموو بەدواداچوونەکانی هاوڕێیانی بۆ وەرگرتنی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم چالاک و پەناخوازە کوردە بێئەنجام بووە. لە لایەکی ترەوە بەرپرسانی ئەمنی و دادوەریی پارێزگای ئیلام پێشتر و لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا هەڕەشەیان لە ژاکان باران کردبوو و هەر بۆیە ئێستە نیگەرانییەکان لە ئاست دۆخی ئەم چالاکە کوردەدا پەرەی سەندووە.

ژاکان باران کە بە هۆی چالاکییە سیاسییەکانییەوە چەند جارێک لە ساڵانی ١٣٩٦، ١٣٩٧ و ١٣٩٨دا (٢٠١٧، ٢٠١٨ و ٢٠١٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئیلام دەستبەسەر کرابوو، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە ناچار زێدی خۆی بەجێ هێشت و لەو کاتەوە نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بوو. ئەم هاووڵاتییە کوردە وەکوو پەناخوازێکی سیاسیی خاوەن پێداویستیی تایبەت، لەم ماوەیەدا چەندین جار بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ناڕەزایەتی لە ئاست دۆخی سەخت و نائەمنی پەناخوازانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا و پشتیوانینەکردنی دامودەزگا نێونەتەوەییەکان لەم جۆرە کەسانە، مانی لە خواردن گرتبوو.