مەهیار ئەحمەدی، چالاکی ژینگەپارێز و زیندانیی سیاسیی پێشوو کە ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵ (١٢ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کرا، لە لایەن دادگایەکەوە لە شاری هەکاریدا بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» سزای شەش ساڵ و سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم چالاکە ژینگەپارێزە ئێستە لە زیندانی شاری واندایە و بەم دواییانە حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنراوە.

مەهیار ئەحمەدی دوای دەستبەسەرکران بۆ ماوەی چەند حەفتە لە زیندانێکی شاری هەکاری ڕاگیراوە و دوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگا گوازراوەتەوە بۆ زیندانی شاری وان. ئەم چالاکە ژینگەپارێزە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» لە لایەن دادگایەکی تورکیاوە سزای شەش ساڵ و سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

مەهیار ئەحمەدی پاییزی ساڵی ڕابردوو بە هۆی بەشداریکردنەوە لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا و ئاشکرابوون لە لای دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران، بە ناچار بەرەو هەرێمی کوردستان کۆچی کرد. ئەم چالاکە ژینگەپارێز و زیندانییە سیاسییە پێشووە لە خەرمانانی ئەمساڵدا (سێپتامبەر) لەبەر گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناچار هەرێمی کوردستانی بەجێ هێشت و لە کاتێکدا کە بە تەما بوو لە ڕێگای تورکیاوە خۆی بگەیەنێتە ئەورووپا، لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کرا.

ئەم چالاکە کوردە پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٦دا (٦ی فێبرییەی ٢٠١٨) بە هۆی چالاکییە مەدەنییەکانیەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای ٢ مانگ دەستبەسەربوون بە دانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کرا. دواتر لە خاکەلێوەی ١٣٩٧دا (ئاوریلی ٢٠١٨) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٣ مانگ بەندکران و ٣ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا.  ئەم چالاکە مەدەنییە لە گوڵانی ١٣٩٧دا (مەیی ٢٠١٨) دوای بانگهێشتکران بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای سنە دەستبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.