زانیار عەزیزنژاد، پەناخوازی سیاسیی کوردی خەڵکی سەقز، لە نزیکەی چوار مانگ لەمەوپێشەوە لە تورکیا دەستبەسەر کراوە و براوەتە کەمپی «کووچەلی»ی ئەم وڵاتە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، زانیار عەزیزنژاد ڕۆژی ١٣ی پووشپەڕی ئەمساڵ (٤ی جولایی ٢٠٢٣) لە کاتێکدا کە دەیویست لە تورکیاوە بەرەو ئەورووپا بپەڕێتەوە، لە نزیک شاری ئەستەنبول لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئەم وڵاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ کەمپی «کووچەلی».

دەوترێت سەرەڕای ئەوەی کە ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر لە لایەن کۆمیساریای باڵای ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە هەرێمی کوردستان وەک پەناخوازی سیاسی ناسراوە، ئێستە لە بەردەم هەڕەشەی گەڕاندنەوەی زۆرەملێ بۆ ئێراندایە.

زانیار عەزیزنژاد، ٣٧ ساڵان، باوکی ٢ منداڵ و خەڵکی شاری سەقزی پارێزگای کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٩وە لە بەشی چاپەمەنیی کۆمەڵەدا چالاک بووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ پەناخوازی سیاسیی کورد لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستبەسەر کراون و لە کەمپە جیاوازەکانی ئەم وڵاتەدا ڕاگیراون و لە بەردەم هەڕەشەی گەڕاندنەوەی زۆرەملێ بۆ ئێراندان.