لە ڕێکەوتی شەممە ١١ی بەفرانباردا تەرمی چالاکێکی سیاسیی کوردی هاووڵاتیی ئێران بە ناوی ئەحمەد بێغەم لە ماڵەکەی خۆی لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستان لە لایەن یەک لە هاوڕێکانیەوە دۆزرایەوە. نزیکانی ئەحمەد بێغەم دەڵێن ئاسەواری ئەشکەنجە لەسەر جەستەی ناوبراو بووە و مەرگەکەی بە گوماناوی لە قەڵەم دەدەن.

پۆلیسی هەولێر تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر ئەم بابەتە نەداوە و ئەنجامی پشکنینی پزیشکیی دادیش لە ٢٠ ڕۆژی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێت.

کەسێکی نزیک لەم چالاکە سیاسییە کوردە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئەحمەد بێغەم لەم ساڵانەی دواییدا وەک کرێکاری بیناسازی لە شاری هەولێر خەریکی کار بوو. دوای ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی بەفرانبار کە لەسەر کاری ڕۆژانە گەڕاوەتەوە پێوەندیی لەگەڵ هاوڕێیان و بنەماڵەیدا بڕاوە، ڕۆژی شەممەیش نەچۆتە سەر کار و دیسان وەڵامی پێوەندییە تەلەفۆنییەکانی هاوڕێیان و بنەماڵەکەی نەداوەتەوە، هەر بۆیە هاوکارێکی سەردانی ماڵەکەی کردووە و دوای چوونەماڵەوە تەرمە بێگیانەکەی دۆزیوەتەوە».

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی شاری هەولێر، تەرمی ئەحمەد بێغەم بۆ پشکنین ڕەوانەی پزیشکیی داد کرا و ڕۆژی دواتر بۆ ئەسپەردەکردن لە شاری قەڵادزێی پارێزگای سلێمانی ڕادەستی خزمانی کرایەوە. پزیشکیی داد دەبێ تا ٢٠ ڕۆژی تر هۆکاری مردنەکەی دەستنیشان بکات، بەڵام لەو وێنانەدا کە خزمەکانی لە کاتی شتندا لە تەرمەکەیان گرتووە و بڵاویان کردۆتەوە، ئاسەواری ئەشکەنجەی پێوە دیارە».

ئەحمەد بێعەم حەفتەیەک پێشتر بە هاوڕێیەکی وتووە کە ئۆتۆمبیلێکی گوماناوی دوای کەوتووە. ئەم هاوڕێیەی ئاغای بێغەم لەم بارەیەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەحمەد حەفتەی ڕابردوو باسی ئەوەی کرد کە ئۆتۆمبیلێکی گوماناوی دوای کەوتووە. ئەو بە منی وت بۆ ماوەی دوو ڕۆژ پاش کۆتاییهاتنی کرێکاری ئۆتۆمبیلێکی سپی دوای کەوتووە».

ئەحمەد بێعەم، هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت، لە مانگی ڕەزبەری ١٣٨٢ لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییانەدا دەستبەسەر کرا و لە دادگادا حوکمی بەسەردا سەپا. ناوبراو نزیکەی ٥ ساڵی لە زیندانەکانی سەردەشت و مەهاباد تێ پەڕاند. ئەڵبەت پێش لەوەیش چەندین جاری دیکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەم چالاکوانە سیاسییە ساڵی ١٣٩٠ لەبەر زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران بە ناچار ئێرانی بەجێ هێشت و وەک پەناخوازی سیاسی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بوو. ئەو ساڵی ٢٠١٤ و لە کاتی شەڕی کۆبانێدا بۆ ماوەی ساڵێک بوو بە ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە سووریا و دوای برینداربوون لەو شەڕەدا گەڕایەوە بۆ هەولێر و پاش چاکبوونەوە وەک کرێکاری بیناسازی دەستی بە کار کرد.

لە ساڵی ٢٠٢١دا لانیکەم ٤ چالاکوانی سیاسی و ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بە ناوەکانی مێهدی ڕەزایی (زاگرۆس مانی)، ئاکۆ فەتحی (شەوگەر چیا)، بێهرووز (ڕێبین) ڕەحیمی و مووسا باباخانی لە شارەکانی پێنجوێن، سلێمانی و هەولێری هەرێمی کوردستان بە دەستی هێزە چالاکەکانی دەرەوەی وڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران تیرۆر کراون.