ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی بەفرانبار کچ و کوڕێکی هاوژینی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی جەلیل ڕەوانگەرد و سومەییە جامخانە لە ڕێگای پەڕینەوەدا بۆ ئەورووپا لە ئاوەکانی یۆناندا خنکاون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە سومەییە جامخانە ٢٨ ساڵان لەگەڵ هاوژینەکەیدا جەلیل ڕەوانگەرد ٣٤ ساڵان و هەروەها براکەی عەبدوڵڵا جامخانە ١٥ ساڵان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی بەفرانبار لە ڕێگای پەڕینەوەدا بۆ ئەورووپا لە ڕووبارێکی یۆناندا خنکاون.

عەبدوڵڵا جامخانەیش لە دۆخێکی ناجێگیر و خراپی دەروونیدا لە لایەن پۆلیسی یۆنانەوە دەستبەسەر کراوە. تەرمی ئەم دوو پەناخوازەیش دوای چەند کاتژمێرێک لە کەناری ئەم ڕووبارەدا دۆزراوەتەوە.

ژمارەیەکی بەرچاو لە پەناخوازانی وڵاتانی ئێران، ئەفغانستان. ئێراق، سووریا و… کە لەبەر کێشەی جۆراوجۆری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و… لە وڵاتانی خۆیاندا مەترسییان لەسەرە و بە هیوای ژیانێکی باشتر و ئەمن بە ناچار وڵاتەکانی خۆیان بەجێ هێشتووە، ئێستە لە وڵاتانی جیاواز و لەوانە تورکیا و یۆنان ئاوارە و سەرگەردانن. زۆربەی ئەم کەسانە هیوایەکیان بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نەماوە کە بیانگوێزێتەوە بۆ وڵاتێکی سێهەم، هەر بۆیە بە ناچار بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتێکی ئەورووپایی و بە تێچوویەکی بەرچاو ڕێگای «نایاسایی» دەگرنە بەر کە دەکرێ ببێتە هۆی گیانلەدەستدانیان.