ئەمیر کەهریزی، چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی کرماشان کە لە ڕێکەوتی ١٧ی گوڵاندا (٧ی مەی) لە ڕێگای کۆچکردندا بەرەو ئەورووپا لە لایەن پۆلیسی یۆنانەوە دەستبەسەر و ڕادەستی تورکیا کرایەوە، لە کامپی سنوورداشکردنەوی پەناخوازان لە شاری ئەدێرنەی تورکیادایە و مەترسیی گەڕاندنەوەی بۆ ئێران لە ئارادایە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی جۆزەردان (٢٥ی مەی) لانیکەم ٣٠ پەناخوازی ئێرانیی دیکە دوای لێدان و ئەشکەنجەدران لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە سنوورداشی ئێران کرانەوە. لەسەر ناونیشان و چارەنووسی ئەم پەناخوازانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمیر کەهریزی، ئەندامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە هەرێمی کوردستان ژیاوە، لە چەند مانگی ڕابردوودا بە مەبەستی کۆچکردن بۆ ئەورووپا چووەتە تورکیا و لە ڕێکەوتی ١٧ی گوڵاندا (٧ی مەی) لەگەڵ ژمارەیەک پەناخوازی ئێرانیی دیکەدا لە لایەن پۆلیسی یۆنانەوە دەستبەسەر و ڕادەستی تورکیا کرایەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی جۆزەردان (٢٥ی مەی) لانیکەم ٣٠ کەس لەو پەناخوازانەی لەگەڵ ئەمیر کەهریزیدا برابوونە کامپی سنوورداشکردنەوەی شاری ئەێرنە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و واژۆکردنی نامەی قبووڵکردنی گەڕاندنەوە، بۆ ئێران سنوورداش کرانەوە. دەوترێت لە سنوورداشکردنەوەی هەندێ لەم پەناخوازانەدا پۆلیسی تورکیا توندوتیژی و لێدانی قورسی گرتووەتە بەر.