سپای پاسداڕان لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا بە بیانووی هەبوونی هێزە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کورد دووجار دەستیان بە تۆپبارانکردنی ناوچە جیاجیاکانی “کۆساڵان” لە نزیکی گۆندی “ڕوار” و کوێستانی “ژونینێ” لە دەوربەری شارستانی سەروئاوا کردووە. لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانانەدا بەشێکی زۆری ئەو ناوچەیە تووشی ئاگرکەوتنەوە بوو و خەسار و زیانی بە ژینگە و دارستان و کێڵگەکان داوە.

دانیشتوویێکی خەڵکی گوندی “ڕوار” لەو بارەوە بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی دەڵێ، “رۆژی هەینی ڕێکەوتی ۴ی گەلاوێژ/26.07.2019 کاروانێک لە هێزەکانی سپای پاسداڕان کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسە دانانییان لە دەوروبەری ئەو گوندە و کوێستانی ژونینێ دەست پێکردبوو. ئەمە بووە هۆی شەڕ و پێکدادانی نیزامی نێوان هێزەکانی سپای پاسداڕان و گەریلاکانی پەژاک.

چەند پاسداڕ لەو شەڕەدا کوژران و بریندار بوون و پاش شەڕەکە، سپای پاسداڕان دەستی کرد بە تۆپبارانکردنی بەرزاییەکان و دارستانەکانی ئەو ناوچەیە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، دوابەدوای ئەو تۆپبارانانە بەشێکی زۆری دارستان و کێڵگەکانی شاخی کۆساڵان ئاگریان تێ بەربوو کە پاش چەند کاتژمێر بە حەوڵ وتەقالای ژینگە پارێزان و دانیشتوانی ناوچەکە ئاگرەکە کوژایەوە. بەڵام سەر لە بەیانی رۆژی ڕابردوو هێزەکانی سپای پاسداڕان بۆ جاری دووهەم بەرزاییەکانی کۆساڵانیان تۆپباران کرد و لە ئەنجامدا کێڵگە و دار بەڕووەکانی ئەو ناوچە ئاگری تێبەربوو و هەتا ئێستا بەردەوامە.

ناوچە پارێزراوەکەی شاهۆ و کۆساڵان بە ئەندازەی۵۷,۲۳۶ هێکتار لە نێوان شارەکانی سەروئاوا، روانسەر، پاوە، مەریوان و کامیاران لەسنووری عێراق هەڵکەوتووە. ئەو ناوچەیە بەپێی پەسندی یاسای ژمارە ۳۰۳ شوڕای باڵای ژینگە پارێزی( کومیسیۆنی ژیرخانی دەوڵەت) لە ساڵی۱۳۸۸ وەک ناوچەی پارێزراو چۆتە ژێر چاودێری رێکخراوەی پاراستنی ژینگه. سپای پاسداڕان هەموو ساڵێ بە بیانووی هەبوونی هێزەکانی پاڕتە ئۆپۆزۆسیۆنەکانی کورد دەست بە تۆپبارانی ئەو ناوچەیە دەکات و بە هۆی ئاگرکەوتنەوە زەرەر و زیانێکی زۆر بە ژینگە دەگات.