ئیسماعیل کەریمی، چالاکی ژینگەپارێز و فەرمانبەری ئیدارەی کانزا سروشتییەکانی کامێران کە ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژ (٢٢ی جولای) لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی «کانیشە»ی ئەم شارەدا تووشی سووتان بووبوو، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە گیانی بەخت کرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکە ژینگەپارێزە کە ڕۆژی دووشەممە لە شوێنی ئاگرکەوتنەکەوە بە هەلیکۆپتەر ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەوسەری سنە کرابوو، ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی گەلاوێژ (٢٤ی جولای) بە هۆی سووتانی سەروو ٨٠ لە سەدەوە گیانی لە دەست دا.

ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئیسماعیل کەریمی چەند کاتژمێرێک لەمەوپێش لە گوندی زادگەکەی، نەجەفئاوای سەر بە کامێران، بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر بەڕێوە چوو.

لە یەکەم ڕۆژی گەلاوێژ و لە کاتێکدا کە تیمی کۆنترۆڵکردنی ئاگری ئیدارەی کانزا سروشتییەکانی کامێران هەوڵیان دەدا ئاگری دارستانەکانی «کانیشە»ی ئەم شارە کۆنترۆڵ بکەن، ئیسماعیل کەریمی لە گەمارۆی ئاگرەکەدا تووشی سووتان بوو و بە هەلیکۆپتەر ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەوسەری سنە کرا.