بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ئەنجامی تۆپبارانکردنی هەندێ شوێنی شاخی «کۆساڵان»ی شاری سەوڵاوای پارێزگای کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانەوە، ئەم ناوچە پارێزراوە ئاگری تێ بەر بووە. سەرەڕای هەوڵی خەڵکی ناوچەکانی دەوروبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگر، بەڵام بە هۆی بەربڵاوبوونی ئاگرەکە و ڕێگریکردنی هێزەکانی سپای پاسداران تا ئێستا ئەم ئاگرکەوتنەوەیە کۆنترۆڵ نەکراوە.

هێزەکانی سپای پاسداران هاوکات لەگەڵ تۆپبارانکردنی ئەم ناوچەیە کە لە سەرلەبەیانیی ڕۆژی ڕابردووەوە، دووشەممە ٢٤ی گەلاوێژ (١٦ی ئاگۆست)، دەستی پێ کردووە، دەستیان داوەتە بانگهێشتکردنی گوندەوان (بەرپرسانی گوند)ی ژمارەیەک لە گوندەکانی داوێنی شاخی کۆساڵان و داوایان لێ کردوون دانیشتووانی گوندەکان بەرزاییەکانی ئەم ناوچەیە چۆڵ بکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەوڵاواوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی ڕابردوو دووشەممە ٢٤ی گەلاوێژ (١٦ی ئاگۆست) هێزەکانی سپای پاسداران بەشێک لە کوێستانە پارێزراوەکانی کۆساڵانیان لە نزیک گوندی ڕەزاو بۆ ماوەی چەند کاتژمێر تۆپباران کردووە کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوەی بەربڵاو لەم ناوچەیەدا و لەبەر ڕێگریکردنی هێزەکانی سپای پاسداران لە بەشداریکردنی خەڵکی خۆبەخش بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، سووتانی ناوچەکە تا ئێستایش هەر بەردەوامە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هاوکات لەگەڵ تۆپبارانکردنی ناوچەکەدا، گوندەوانی گوندەکانی «ژیوار»، «بڵبەر»، «سلێن»، «عەباسئاوا» و «وەرگەوێر» بانگهێشت کراون بۆ ناوەندی سپای پاسداران لە شاری سەوڵاوا: «ئەوان بە گوندەوانەکانیان ڕاگەیاندووە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئاژەڵداران و هەنگداران دەبێ بەرزاییەکانی شاخی کۆساڵان چۆڵ بکەن. بە پێچەوانەی ئەمە بەرپرسایەتیی گیانی کەسانێک کە ناوچەکەیان چۆڵ نەکردبێت لە ئەستۆی خۆیاندایە».

سپای پاسداران هەروەها ڕایگەیاندووە لە ڕۆژانی داهاتوودا مانۆڕێکی سەربازی لە شاخەکانی کۆساڵان بەڕێوە دەبات. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم ناوچە کوێستانییە بەپێی گەڵاڵەی ژمارەی ٣٠٣ی شۆرای باڵای ژینگە (کۆمیسیۆنی ژێرخانەکانی دەوڵەت) لە ساڵی ١٣٨٨دا وەکوو ناوچەی پارێزراوی ژێر چاودێریی ئیدارەی ژینگەپارێزی ڕاگەیەنراوە.

چالاکانی ژینگەپارێزی کورد چەندەها جار هۆشدارییان داوە کە ناوچە کوێستانییەکانی شاهۆ و کۆساڵان لە ڕیزی ناوچە پارێزراوەکاندان و بەڕێوەبردنی هەرچەشنە مانۆڕێکی سەربازی لەم ناوچانەدا بە پێچەوانەی یاسایە.