پارێزەری حەیدەر قوربانی هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردەی پشتڕاست کردەوە. سەرەڕای کەشی ئەمنیی قورسی زاڵ بەسەر شاری کامێراندا، کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی کامێرانی لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە و دوابەدوای ئاگاداربوونەوەیان لە جێبەجێکردنی حوکمی ئەم زیندانییە سیاسییە بە مەبەستی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەکەی لە بەردەم ماڵەکەیدا لەم شارە کۆ بوونەتەوە.

ساڵح نیکبەخت وێڕای ڕاگەیاندنی داخ و کەسەری خۆی لە جێبەجێکرانی ئەم حوکمە، لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «حەیدەر قوربانی کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی و من لە زیندانی سنە لە سێدارە دراوە».

ئەم پارێزەرەی دادگا پشتڕاستی کردەوە: «حەیدەر قوربانی دوێنێ کاتژمێر ١٩:٥٣ دوای ماوەیەکی زۆر لە زیندانەوە پێوەندیی لەگەڵ گرتم، ئەو هێشتا دڵخۆش بوو بە هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکەی و هیچ ئاگادارییەکی لەسەر ئەگەری جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی خۆی نەبوو. ئەم حوکمە بەبێ ئاگاداری خۆی و بنەماڵەکەی و من وەک پارێزەری دۆسیەکە و بەشێوەی نهێنی جێبەجێ کراوە».

بە وتەی ساڵح نیکبەخت، ئەم حوکمە لە حاڵێکدا جێبەجێ کراوە کە ئەو سێ مانگ لەمەوپێش دیسانەوە داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەی بەپێی مادەی ٤٧٧ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری بۆ دیوانی باڵای ئێران ناردبوو و دیوانیش لە نامەیەکدا داوای لە دادگوستەریی گشتیی پارێزگای کوردستان کردبوو سەرلەنوێ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بکرێت و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بە دیوان و هەروەها بنەماڵەی حەیدەر قوربانی ڕابگەیەنرێت.

ئەم پارێزەرە یاساییە دەڵێت: «حوکمی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی لە حاڵێکدا جێبەجێ کراوە کە هێشتا هیچ وەڵامێکمان لە دادگوستەریی پارێزگای کوردستانەوە وەرنەگرتبۆوە و بە سەرنجدان بەو کێشە و کەموکورتییە یاساییە بنەماییانەی دۆسیەکە کە ببوونە هۆی دەرکردنی حوکمی ئێعدام و هەروەها داواکاریی زیاتر لە هەزار کەس لە هاووڵاتییانی کامێرانی و زیاتر لە ٥٠ کەس لە زانایانی ئایینی و بەرنوێژانی سوننە لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی، ئێمە هیوادار بووین ئەم حوکمە لە دیوانی باڵای ئێراندا هەڵبوەشێتەوە».

ساڵح نیکبەخت پێشتر لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا سەبارەت بە تۆمەتی «بەغی» لەسەر حەیدەر قوربانی وتبووی: «دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شاری سنە بە تۆمەتی «بەغی» حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر حەیدەر قوربانیدا سەپاندووە، لە حاڵێکدا کە مەرجی ئەنجامدانی تاوانی بەغی ئەندامبوونە لە گرووپێکی چەکدار و بەکارهێنانی چەک لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا. پارێزوانەکەی من تەنانەت لەو دۆخە دژوار و سەختەشدا کە تێی پەڕاندووە، بە هیچ شێوەیەک دانی بە ئاوا شتێکدا نەناوە و تاکەبەڵگە بۆ سەلماندنی ئەم تۆمەتە ئیدیعاکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی سنە و کامێرانە».

لەم مانگانەی دواییدا و دوابەدوای پەرەسەندنی ئەگەری جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کامێران حەیدەر قوربانی، بە سەدان هاووڵاتیی ئەم شارە لە نامەیەکدا بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران داوایان کردبوو بە کەڵکوەرگرتن لە دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆی بەر بە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی بگرێت. پێشتریش ٥٠ زانای سوننی و بەرنوێژانی کوردستان لە نامەیەکی هاوشێوەدا بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانییان کردبوو.

حەیدەر قوربانی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران، لە ڕەزبەری ١٣٩٦دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی چەندین مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و ئیدارەی ئاگاهیی ئەم شارە خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە تاکوو بە زۆر دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.

لە ڕەشەمەی ١٣٩٦دا دانپیانانە زۆرەملێکانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە کەناڵی پرێس تیڤییەوە و لە ژێر ناوی «شۆفیری مەرگ»دا بڵاو کرایەوە. ناوبراو لە ڕەزبەری ١٣٩٨دا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی سنەوە بە گشتی حوکمی ٩٠ ساڵ زیندان و ٢٠٠ قامچیی بۆ بڕایەوە.

لە ڕێبەندانی ١٣٩٨دا دۆسیەکەی تری ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا کەوتە بەر لێکۆڵینەوە و لە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ لە زیندانی ناوەندیی سنە پێی ڕاگەیەنرا کە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.

لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ١٣٩٩دا ئەم حوکمە لە لقی ٢٧ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە و مانگێک دواتر داواکارییەکەیشی بۆ دادگاییکردنەوەی دووبارە ڕەت کرایەوە.