سزای لەسێدارەدانی فەزلوڵڵا پوورنەسیری، بەندکراوی خەڵکی کووهدەشتی لوڕستان کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٣٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) لەگەڵ بەندکراوێکی تردا بە ناوی حەمزە شەهبازی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوون.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەر (٢ی ئۆکتۆبەر) فەزلوڵڵا پوورنەسیری لە سێدارە دراوە و تا ئەم ساتە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی حەمزە شەهبازی بەردەست نەکەوتووە.

فەزلوڵڵا پوورنەسیری، خەڵکی کووهدەشتی لوڕستان، نزیکەی ٣ ساڵ و نیو لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشەبەرکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.