تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ٣ی پووشپەڕی ٢٧١٩: ئەفشین شێخولئیسلامی وەتەنی چالاکی کورد کە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٩١٧ لە لایەن ڕێکخراوەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر کرابوو و پاش مانگێک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو، لە لایەن لقی دووی لێپرسینی دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنە مافی چوونە دەرەوەی لە وڵاتی ئێرانی لێ قەدەغە کرا.

ئەو چالاکە کوردە رێبەندانی ساڵی ڕابردوو لە جەرگەی دەستبەسەری کۆیی چالاکانی ژینگە پارێز و ئەندامانی لقی کوردستانی پاڕتی یەیکیێتی نەتەوەیی لە لایەن ڕێکخراوەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ماڵی خۆی لە سنە دەستبەسەر و پاش مانگێک راگرتن لە ژووری تاکەکەسییەکانی رێکخراوەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەو شارە بە بڕیاری دادگا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا. ئەگەر چی دانیشتنی دادگایەکی بەرێوە نەچوو، بەڵام کاربەدەستانی ئەمنییەتی، ناوبراوییان بە تاوانی ئەندامییەتی لە یەک لە پاڕتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کورد ڕاگەیاندبوو.
بەڵام ئەو تاوانە لە لایەن ئەفشین شێخولئیسلامییەوە ڕەت کراوەتەوە.
نگین شێخولئیسلامی وەتەنی، خوشکی ئەو چالاکە کوردە پێشتر لە کاتی دەستبەسەری براکەی بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاندبوو: “ئەفشین ئەم دواییە بۆ بەدواداچوونی دۆخی تەندروستی دایک و بابمان کە هەر دووکییان نەخۆش و تەنیان، گەڕابوبووە ئێران. ئەو هەر چەند پێشتر دەستبەسە کراوە بەڵام زۆر ساڵە هیچ چەشنە چالاکیێکی سیاسی نەبوو. زۆرترین کاتەکانی کە لە ئێران دەمێنێتەوە بۆ خزمەت کردن بە دایک و بابمانە، پیشەی ئەندازیاری عومڕانە و لە بواری چالاکی خێرات و ژینگە پارێزی کە پێی خۆشە و بڕوای پێیەتی چالاکی دەکات”

ئەفشین شێخولئیسلامی وەتەنی پێشتر زۆر جار بە هۆی چالاکی سیاسی و مەدەنی بانگهێشت و لێکۆڵینەوەی لێ کراوە و لانیکەم سێ بار لە لایەن شوێنە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. دوائین جار لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکی تری مەدەنی و سیاسی شاری سنە لە بەفرانباری ٢٧٠٩ هەتاوی لە ماڵی حەبیبوڵا لەتیفی دەستبەسەر کرابوو.

ئەو کەسانە هەوڵی پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی حوکمی حەبیبۆڵا لەتیفییان دەدا. سزای سێدارە حەبیبوڵا لەتیفی لە ئاکامی ئەو هەوڵ و تێکۆشانە هەڵوەشاوە و دوایی، زیندانی تاهەتایی بۆ بڕیار درا و لەسەری داسەپێندرا.

ئەو کاتە چالاکان و رێکخراوە مرۆڤییەکان، وەک ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە هۆی دەستبەسەری ئەفشین شێخولئیسلامی و چالاکانی تری دژ بە سزای سێدارە نارەزایەتیان دەربڕی