تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ۴ی پووشپەڕی ۲۷۱۹: حوسێن کەمانگەر، چالاکوانی سیاسی کورد کە لە ۱۵ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوو، لە مانگی ڕێبەندانەوە تاکوو ئێستا هیچ پەیوەندیێکی بە بنەماڵەیەوە نەکردووە.

“حوسێن کەمانگەر دوایین جار لە ڕێکەوتی ۱۷ی مانگی ڕێبەندانی ساڵی پار پەیوەندیێکی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەی هەبووە؛ دوای ئەو پویەندییە تاکوو ئێستا هیچ چەشنە پەیوەندیێکی لەگەڵ بنەماڵەی نەبووە. لێپرسینەوانە ئەمنییەتیێکان پێیان ڕاگەیاندووە هەتا کاتێ کە لە کاناڵە تەلفێزیۆنییەکان وتووێژی زۆرەملی لەگەڵ نەکەن و دان بە تاوانانگەلێ کە بۆی ساز دەکەن نەنێت، مافی پەیوەندی تەلەفوونی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەی پێ نادرێت”

ئەو چالاکڤانە کوردە کە پێشتریش دوو جار بە تۆمه‌تی سیاسی دەستبەسەر و زیندانی کراوە، دوایین جار لە درێژه‌ی دەستبەسەرکردنی بەرفراوانی چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری کامیاران دەستبەسەر کرا و ئێستاشی لەگەڵ بێت زیاتر لە پێنج مانگە لە ده‌ستبه‌رسه‌رگه‌ی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگیراوە و تاکوو ئێستا چوار جار بڕیاری دەستبەسەری کاتی نوێ کراوەتەوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان پێشتر بە بڵاو کردنەوەی راپۆرتێکی چڕوپڕ، باسی لە سناریۆکانی وزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دژ بە چالاکوانانی دەستبەسەرکراوی کورد کردبوو. لەو ڕاپۆرتە سەبارەت بە ئەشکەنجە و ئازاردانی چالاکوانانی دەستبەسەرکراو بۆ وەرگرتنی درکاندنی زۆرەملی (اعترافات اجباری) و مەترسی سەر دۆخی ئەو چالاکوانانە ئاگاداری دابوو و ڕایگەیاندبوو.