به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٧ی گەلاوێژ کەریم مێهرابی، باوکی ساسان مێهرابی ئەندامی شۆرای بەڕێوەبەریی پلاتفۆرمی یارسان و پێشکەشکاری تێلەڤیزیۆنی ئاریەن لە سوێد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سەرپێڵ زەهاوەوە دەستبەسەر کرا و چەند کاتژمێرێک لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەدا لێپرسینەوەی لێ کراوە.

ساسان مێهرابی سەبارەت بەم ڕووداوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «باوکم چەند کاتژمێرێک لە لایەن چەند کاربەدەستێکی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەرپێڵەوە لەسەر چالاکییە سیاسی و میدیاییەکانی من لێپرسینەوەی لێ کراوە، ئەوان باوکمیان مەجبوور کرد لە لای خۆیانەوە بە واتساپ پێوەندیم لەگەڵ بگرێت و کەسێک کە خۆی بە ئەمیر موحێبی ناساند و دەیگوت لە تارانەوە هاتووم، مۆبایلەکەی لە باوکم وەرگرت و کۆمەڵێک بەڵێن و وەعدی پێ دام بەڵکوو ڕازیم بکات بگەڕێمەوە بۆ ئێران، ئەو دەیگوت ئەگەر بگەڕێمەوە ئێران دەتوانم چالاکیی سیاسی بکەم بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەکی یاساییم بۆ دروست بکرێت».

بە وتەی ئەم چالاکە سیاسی و میدیاییە، دوای تەواوبوونی پێوەندییەکە ئیجازەیان بە کەریم مێهرابی داوە ئیدارەی ئیتلاعات بەجێ بهێڵێ و بچێتەوە.

کەریم مێهرابی هاووڵاتییەکی کوردی یارسان و پیشەی کرێکارییە، ناوبراو دانیشتووی گوندی بازگیری سەر بە سەرپێڵ زەهاوە لە پارێزگای کرماشاندا.

زەخت خستنە سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و میدیایی دانیشتووی دەرەوەی وڵات، یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران بۆ ترساندن و وازهێنانی ئەو چالاکانە دەیگرنە بەر. لەم ساڵانەی دوایی و لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا، بە دەیان نموونە ڕووی داوە کە بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی دەرەوەی وڵات، لە سەر چالاکیی مداڵەکانیان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپاوە بانگهێشت کراون و کەوتوونەتە بەر هەڕەشە و لێپرسینەوەی ئەوانەوە. هێزە ئەمنییەکان تەنانەت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو چالاکانەش بۆ ئێران زەختیان خستۆتە سەر بنەماڵەکانیان.

بەپێی ئەو ئامارانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کۆی کردۆتەوە، لە ٣ ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٣٠ هاووڵاتیی کورد سەرەڕای ئەوەی ئەماننامەیان پێ دراوە و بۆ گەڕانەوە هەماهەنگییان لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیدا کردووە، دوای گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستانەوە دەستبەسەر کراون و کەوتوونەتە ژێر لێپرسینەوە و دادگاییکردن و حوکمی قورسیشیان بە سەردا سەپاوە. لانیکەم دوو کەس لەمانە تۆمەتی «موحارەبە»یان دراوەتە پاڵ کە دەشێت حوکمی زۆر قورسی بەدواوە بێت.