سەرەڕای ئەوەی ناوەندە ئەمنییەکان لە چەند ڕۆژ پێش ئێستاوە هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ژمارەیەک لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر کردبوو کە هیچ مەراسێمکی ڕێزلێنان بەرێوەنەبەن بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوو مەراسیمی چلەی ماتەمینی “مینا شەیخی” لە سەقز و مەراسیمی یادکردنەوەی ٥ لە کوژراوانی شاری مەریوان لە گۆڕستانی ئەو شارانە بەڕێوەچوو.

سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو لە سەقز لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “ڕۆژی ڕابردوو ٥ی بەفرانبار / ١٢.٢٦، بنەماڵەی مینا شەیخی و ژمارەیەک لە دانیشتووانی شاری سەقز لە گۆڕستانی ئایچی گردبوونەوە و مەراسیمی چلەی ماتەمینیان بۆ گرت”.

ئەو لە کاتێکدایە کە هێزە ئەمنییەکان کە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو بنەماڵەیە و چەندین بنەماڵەی دیکەی کوژراوانی ئەو خۆپیشاندانەیان لە مەریوان و جوانڕۆ بانگ کردووە و هەڕەشەیان لێکردوون کە بە هیچ شێوەیەک چلە بۆ کوژراوەکانیان نەگرن.

مینا شەیخی، لەدایکبووی ساڵی ١٣٣٩ / ١٩٦٠، دایکی شەش منداڵ، خەڵکی شاری سەقز و دانیشتووی تاران ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەز / ١١.١٦ لەکاتێکدا لە سەربانی ماڵەکەیەوە کە کەوتووەتە گەڕەکی خەلیجی فارس لە باشوری تاران، سەیری خۆپیشاندانەکانی سەر شەقامی دەکرد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کرایە ئامانجی دەستڕێژی گولـلە و گیانی لە دەستدا.

هەروەها بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە مەریوانەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون، لە ٣٠ەمین ڕۆژی کوژرانی “بورهان مەنسورنیا” لە کرماشان و “بێهروز مەلێکی“، “دانیال ئوستواری“، “عوسمان نادری” و “مێهران تاک” لە مەریوان، ژمارەیەک لە هاوڵاتیان و بنەماڵەکانی ئەو کوژراوانە لە گۆڕستانی “بەهەشتی موستەفا”ی مەریوان گردبوونەوە و مەراسیمی ڕێزلێنانیان بۆ گرتوون.

دەگوترێت کە دوابەدوا بەڕێوەچوونی ئەو مەراسیمە هێزە ئەمنییەکان هەستاوەن بە دانانی کامێرای شاراوە لە شوێنە جیاوازەکانی ئەو گۆڕستانە.

بورهان مەنسورنیا، هاوڵاتی خەڵکی مەریوان هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە بەشی ڤیتەرنەریی زانکۆی ورمێ بوو. ئەو هاوڵاتییە پاش تەواوکردنی خوێدن بەمەستی بەجێهێنانی خزمەتی زۆرەملیی سەربازی بۆ کرماشان ڕەوانە کرابوو. ناوبراو پێش ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بکوژرێت بە تێپەڕکردنی سەربازییەکەیەوە سەرقاڵ بوو. چوار هاوڵاتییەکی دیکە لە خۆپیشاندانەکانی مەریواندا تەقەیان لێکرابوو و کوژرابوون.