لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوابەدوای کۆچی دوایی تاهیر خەلیلی، هونەرمەند و چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کورد لە باخێکدا لە شاری سەردەشت بە وتنەوەی سروودێکی شۆڕشگێڕانەی ئەم هونەرمەندە ڕێوڕەسمێکیان بۆ یادکردنەوەی بەڕێوە برد.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ئەم ڕێوڕەسمە، دامودەزگا ئەمنییەکانی شارەکانی شنۆ و سەردەشت هونەرمەندانی بەشداربوو لەو ڕێوڕەسمەیان بانگهێشت کرد و بۆ چەند کاتژمێرێک دەستبەسەریان کردن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردەشتەوە سەبارەت بەم ڕووداوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «هێزە ئەمنییەکان سەرەتا لە شاری سەردەشت حەسەن ئاغای شینوێیی و پاشان ژمارەیەکی تر لەم هونەرمەندانەیان دەستبەسەر کرد، لەوانە خدر قادری، سەلاح خزری، خالید ئەویندار، هێرش بێتووشی و کەریم دافیعی».

هێزە ئەمنییەکان ئەم هونەرمەندانەیان بردە هۆڵێک لە بینای قایمقامییەت (فەرمانداری)ی شاری سەردەشت و بە هەڕەشە و لێدان ناچاریان کردن بەیاننامەیەک دژ بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان بخوێننەوە و پاشان بە کۆمەڵ سروودی «ئەی ئێران» بڵێنەوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دوای تۆمارکردنی ڤیدیۆکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، ئەم هونەرمەندانە بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هەروەها ژمارەیەکی تر لە هونەرمەندانی بەشداربوو لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی تاهیر خەلیلیدا کە خەڵکی شاری شنۆ بوون، بانگهێشتی بەردەم دامودەزگا ئەمنییەکانی ئەم شارە کران و دوای چەند کاتژمێرێک و بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کران.

تاهیر خەلیلی، هونەرمەندی ناسراوی کورد و چالاکی سیاسیی خەڵکی بۆکان، ڕۆژی ٥ی سەرماوەز (٢٦ی نۆڤامبەر) لە شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان کۆچی دوایی کرد. سروودی «لە قەندیلی سەربەرزەوە» لە ناسراوترین سروودە شۆڕشگێڕانەکانی ئەم هونەرمەندەیە.