سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە شارەکانی کرماشان و سنە باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان هێشتا لە شەقامە سەرەکییەکانی ئەو شارانەدا ماونەتەوە و کەشی شارەکەیان میلیتاریزە کردووە.

بەگوێڕەی ئەو سەرچاوانە، هێزە ئەمنییەکان لە ڕۆژی ٤ی بەفرانبارەوە / ١٢.٢٥، ڕۆژێک پێش چلەی ماتەمینی کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر، ڕژابوونە ناو شەقامەکانی مەریوان، سنە، کرماشان، جوانڕۆ، بۆکان و ئیلام و شەقامەکانیان قۆڕخکردبوو و بەناو شاردا گەڕابوون.

هەرچەند ژمارەی ئەو هێزانە لە ڕۆژی ڕابردوو، ٦ی بەفرانبارەوە / ١٢.٢٧، کەمتر بووەتەوە، بەڵام هێشتا بەچڕی لەناو شەقامەکانی کرماشان و سنەدا ماونەتەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر بەبڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسی ئەوەی کردبوو کە مەراسیمی چلەی ماتەمینی “مینا شەیخی” لە گۆڕاستانی “ئایچی”ی سەقز بەڕێوەچووە.