بەگوێڕەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٨ هاوڵاتی بە ناوەکانی “فواد عێنایەتی”، “ئیبراهیم ئاقایی”، “فواد قەهرەمانی”، “فەرهاد تاریموردای”، “ئەحمەد مورادی”، “پویا فەیزی”، “ڕەزا ڕەجایی” و “محەمەد شەهبازی” لەلایەن لقی ١٠٤ی دادگای سزادانی ٢ سنەوە بە سەرۆکایەتیی “دادوەر بێهرۆز وەلەدی” بە بەندکردن و قامچی سزادراون.

ئەو سزایە بە تۆمەتی “بشێویی ئاسایشی گشتی لەڕێگەی بەشداریکردنی گردبوونەوەی نایاسایی” بۆ ئەم هاولاتیانە بڕاوەتەوە و بەپێی ئەو سزایە هەر یەک فواد قارەمانی، ئەحمەد مورادی و فەرهاد تاریمورادی بە یەک ساڵ بەنکردن و سزای ٧٤ قامچی و هەر یەک لە فواد عێنایەتی، ئیبراهیم ئاقایی، پویا فەیزی، ڕەزا ڕەجایی و محەمەد شەهبازی بە دە مانگر بەندکردن و سزای ٧٤ قامچی سزا دراون.

دادوەری دادگا جگە لە سزای فەرهادی تاریمورادی و فواد قارەمانی سزای ٦ کەسەکەی دیکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەساندووە.

ئەو هاوڵاتیانە لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەر / ٢٠١٩.١٠.١٤ لەمیانەی خۆپیشاندانی دژ بە هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستبەسە و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازادکرابوون.

لەو هاوڵاتیانە محەمەد شەهبازی و ڕەز ڕەجایی خەڵکی پارێزگای ئەسفەهانی ئێرانن و ٦ هاوڵاتییەکەی دیکەش خەڵکی سنەن.

پێشتر لە سەرەتەکانی مانگی ڕێبەنداندا / ٢٠٢٠.٠١، هاوڵاتییەکی دیکە خەڵکی سنە بەناوی “ئومێد کەرەمی” هەر بەو تۆمەتە بە ساڵێک بەندکران و ٧٤ قامچی سزادرابوو.

پاش هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ورمێ، خۆی، مهاباد، پیرانشار، سەردەشت، بۆکان، سەقز، بانە، مەریوان، سنە، دێوولان، دیواندەرە، کرماشان، جوانڕۆ، پاوە، ڕوانسەر، ئیلام و ئەیوان گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێووەچوو. لەو خۆپیشاندانانەدا زیاتر لە ٤٧ هاوڵاتی دەستبەسەرکران و تاوەکو ئێستا ژمارەیەکیان بە بەندکران سزادراون.