تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەڵاڕێزان، حامید مشکات، هاووڵاتیی تورک و چالاکوانی ئایینی، دوای نزیکەی ٤ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە.
حامید مشکات لە ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری ورمێ دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان بەبێ ئەوەی حوکمی یاساییان پێ بێ، توندوتیژییان بەکار هێنا و ئەم چالاکوانە سوننەیان دەستبەسەر کرد و دەستیشیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی شەخسیی وەک مۆبایل و لەبتابەکەیدا گرت.

دەوترێت دایکی حامید مشکاتیش لە کاتی دەستبەسەرکردنی کوڕەکەیدا و لەبەر ئەوەی ناڕەزایەتی و بەرگریی لە ئاست ئەم دەستبەسەرکردنە نواندبوو، کەوتبووە بەر لێدانی هێزە ئەمنییەکانەوە.