خەیروڵڵا حەقجوویان سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ئەم ئەندامەی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە ٧ی پووشپەڕدا بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران» بانگهێشتی بەردەم دادسەرای شاری سەحنە کرابوو و دوای ڕاگەیاندنی تۆمەتەکان ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان کرابوو. 

خەیروڵڵا حەقجوویان لە ساتەوەختی دەستبەسەربوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر تۆمەتەکان و دیاریکردنی بارمتەی قورسدا مانی لە خواردن گرتبوو. هاوکات ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسانیش بە شێوەی بەکۆمەڵ و تاکی بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر لە شارە جیاوازەکان مانگرتنیان دەست پێ کردبوو.

چالاکێکی مەدەنیی یارسان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە  تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاغای حەقجوویان لە حاڵێکدا کە هێشتا هەر لە مانگرتندا بوو، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ئازاد کرا».

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی دوای ئازادبوونی ناوبراو ژمارەیەک لە چالاکانی یارسان پێشوازییان لێ کرد و بەرەو شاری سەحنە وەڕێ کەوتوون. وا بڕیارە لە ڕێوڕەسمێکدا کە بە بۆنەی ئازادبوونیەوە لە ماڵەکەی خۆی بەڕێوە بچێت، ئاغای حەقجوویان کۆتایی بە مانگرتنەکەی بێنێت.

خەیروڵڵا حەقجوویان ئەندامی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان، ڕۆژی دووشەممە ٧ی پووشپەڕ، دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای شاری سەحنەی کرماشان ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان کرا. تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران» ڕووبەڕووی ئەم چالاکە سیاسی و مەدەنییە کراوەتەوە.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو: «ئاغای حەقجوویان لە کۆبوونەوەکەی دادسەرادا لەسەر چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکانی لێپرسینەوەی لێ کراوە و تۆمەتەکانی پێ ڕاگەیەنراوە. گەرچی لێپرسەوەکەی دادسەرا بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنیی بۆ ئازادبوونی کاتیی ناوبراو دیاری کردووە، بەڵام ئەو بە هۆی قبووڵنەکردنی تۆمەتەکانەوە ئامادە نەبووە ئەم بارمتە قورسە دابنێت و هەر بۆیە ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان کراوە».

کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ڕەخنەگرتن لە دۆخی سیاسیی وڵات و خستنە بەر ڕەخنەی بەرپرسە دەوڵەتییەکان نابێ وەک تۆمەتی «سووکایەتیکردن» لێک بدرێتەوە.

خەیروڵڵا حەقجوویان لە چالاکوانە ناسراوە کوردە یارسانییەکانە، ناوبراو بە درێژایی ئەم ساڵانەی دوایی لە بۆنە و ڕێوڕەسمە جۆراوجۆرەکاندا بە شێوەی سەربەخۆ یان بە نوێنەرایەتیی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان، وتاری پێشکەش کردووە و ڕەخنەی لە دۆخی سیاسی و ئابوریی ئێران گرتووە، بە تایبەت ڕەخنەی لە بوونی هەڵاواردن و ستەم لە ئاست کۆمەڵگای یارساندا گرتووە. لە دوایین جار و لە ڕێکەوتی ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠دا چۆتە سەر مەزاری نیکمەرد تاهیری لە شاری سەحنە و وتارێکی ڕەخنەگرانەی پێشکەش کردووە.

نیکمەرد تاهیری هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەحنەی کرماشان بوو کە جۆزەردانی ١٣٩٢ لە ئەنجامی خۆسووتاندنێکی ناڕەزایەتییانەدا گیانی لەدەست دا. ئەم ڕووداوە یەک لەو سێ ڕووداوەی خۆسووتاندنی پێڕەوانی ئایینی یاری (یارسان) بوو کە لە جۆزەردان و گەلاوێژی ١٣٩٢ لە هەمەدان و تاران ڕوویان دا. حەسەن ڕەزەویی خەڵکی گوندی پول شکەستەی هەمەدانیش ڕۆژێک پێش ئەو لە بەردەم فەرمانداریی ئەم شارە و محەممەد قەنبەریی خەڵکی گوندی قەرەداشی قەزوینیش نزیکەی دوو مانگ دواتر لە چالاکییەکی هاوشێوە و ئەم جارە لە بەردەم بینای پەرلەمانی ئێراندا لە تاران، ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەر دا و گیانیان لەدەست دا.

ئەم زنجیرە خۆسووتاندنە ناڕەزایەتییانە پەرچەکردارێکی مەرگاوی بوو لە بەرامبەر ئەو هەڵاواردنە یاساییانەی ڕووبەڕووی خەڵکی یارسان دەکرێتەوە، هەروەها ناڕەزایەتی بوو لە بەرامبەر سووکایەتیکردن بە دابونەریتەکانیان کە یەکەم جار و بە دیاریکراوی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست تاشینی ئیجباریی سمێڵی یەک لە پێڕەوانی ئایینی یاری لە زیندانی هەمەداندا کڵپەی سەند. بەپێی دەستوورێکی ئایینی یاری، شاربی پیاوانی یارسان مۆرومۆم کراوە و هەر بۆیە تاشینی سووکایەتییە بە باوەڕمەندانی ئەم ئایینە.

دوابەدوای ئەم خۆسووتاندنە دڵتەزێنانە کە گیانلەدەستدانی سێ کەسی لێ کەوتەوە، ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی یارسان هەستیان بەوە کرد بۆ ڕاگەیاندنی ناڕەزایەتییەکانیان لە بەرانبەر هەوڵاواردنی دژ بە کۆمەڵگای یارسان و هەروەها دامەزراندنی ڕێکخراوێک بۆ خستنەبەردەست و بەدواداچوونی داواکارییەکانیان، پێویستە هەنگاوێکی یەکگرتوو هەڵبگرن. دواجار لە گەلاوێژی ١٣٩٢دا نزیکەی سەد کەس لەم چالاکانە لە کرماشان کۆ بوونەوە و ڕێکخراوێکیان لەژێر ناوی «کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان»دا دامەزراند تاکوو بە هەموو ڕێگایەکی مومکین و بە شێوەیەکی هێمنانە و مەدەنی بەدوای داواکارییەکانی کۆمەڵگای یارساندا بچێت.

کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە سەرەتای دەستپێکردنی چالاکییەکانیەوە تا ئێستا چەندەها نامەی سەرئاوەڵای ئاڕاستەی بەرپرسە حکوومییەکانی ئێران و لەوانە ڕێبەر و سەرکۆمار کردووە. ناوەرۆکی هەموو ئەم نامانە داواکاری بووە بۆ کۆتاییهێنان بە هەڵاواردنی دژ بە کۆمەڵگای یارسان و ناسینی فەرمیی ئەم کەمایەتییە ئایینییە. هیچکام لەم نامانە وەڵامیان وەرنەگرتووە و تەنانەت بەڵێنەکانی بەرپرسانیش بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانیان هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەی لە باشترکردنی دۆخی ژیانی ئەم خەڵکەدا دروست نەکردووە.

یارسان لە ڕیزی ئەو کەمایەتییە ئایینییانەی ئێراندایە کە لە دەستووردا وەک ئایینێکی سەربەخۆ دانی پێدا نەنراوە و پێڕەوانی ئایینەکە لە زۆربەی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان بێبەش دەکرێن.

خەڵکی یارسان زیاتر لە پارێزگاکانی کرماشان، لوڕستان، هەمەدان، کوردستان، ئازەربایجان، قەزوین، ئەلبورز، تاران، گیلان، مازەندەران و… ژیان دەکەن. لەم نێوانەدا پارێزگای کرماشان وەک ناوەندی سەرەکیی یارسان دەناسرێت. گەرچی هیچ ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی پێڕەوانی ئەم ئایینە لە بەردەستدا نییە، بەڵام لە سەرچاوە جیاوازەکاندا ژمارەی یارسانەکانی ئێران لە میلیۆنێکەوە تا سێ میلیۆن مەزەندە کراوە.